چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری چەندین مانگە بەردەوامە

چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە چەند شارێک بەردەوامە.

چالاکییەکانی ئێشکگری دادپەروەری خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد، لە شارەکانی ئامەد و ئێلح و وان و مێردین و ئیستەنبوڵ بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەر نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی ئێلحدا، گەریلا لەیلا ئاڵتان (ئارژین گارزان) و ٤ گەریلای یەژاستار کە ١٤ ی ئاداری ٢٠١٢ لە شەڕێکدا لە بەدلیس شەهیدبوون یادکرانەوە.

لە چالاکییەکەی مێردین دایکی ئاشتی، گوڵبەیاز گونەش گوتی: "٧٧ ڕۆژە لێرە دانیشتووین. دەمانەوێت حکومەت گوێبیستی داواکانمان بێت، گۆشەگیری هەڵبگیرێت و زیندانییەکانمان ئازاد بکات. چەندین زیندانیکراوی نەخۆش هەن، بۆ دادپەروەری ئێشکگری دەگرین. فشاری توند لەسەر گەلی کورد هەیە. بۆیە تا کۆتایی ئێشکگر دەبین. تا بەدیهاتنی چارەسەر دادەنیشین و داوای دادپەروەری دەکەین. با هەرکەس خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی بکات. ئێمە پێکەوە ڕێبەرێتی و زیندانیان ئازاد دەکەین". 

لە چالاکییەکەی ئیستەنبوڵ سەرۆکی جەمخانەی غازی خزر کاراتاش، هەروەها لە مەجلیسی پیران، حوسەین ئەسەن قسەیان کرد، پشتگیری خۆیان بۆ دایکان دووپات کردەوە.

دایکان دووپاتیان کردەوە تا هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیان، درێژە بە تێکۆشان دەدەن.