چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی دەم پارتی کە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا دەستپێکراوە، بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا ئەمرۆ هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقڕخان لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆدا لەگەڵ نوێنەرانی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) کۆبوونەوە، بڕیارە لەگەڵ هەردوو پارتی سەعادەت و پارتی ئایندەشدا کۆببنەوە.
شاندی دەم پارتی ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ نوێنەرانی تیپدا لە بینای پەیوەندییەکانی گەلی ئەنجوومەندا ئەنجامدا. شاندی دەم پارتی لە لایەن سەرۆکی گشتی تیپ ئەرکان باش و جێگر و ئەندامانی دیکەی پارتەکەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دوای کۆبوونەوەکەی نێوانیان کە کاتژمێرک زیاتری خایاند، هەردوولا لێدوان و ڕاگەیاندرواییان دا.
سەرۆکی گشتی تیپ ئەرکان باش لە قسەکانییدا پشتیوانی پارتەکەی بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپاتکردەوە و جەختی لەوەکردەوە دەبێت دەسەڵاتداری لە پێناو پرۆسەکەدا هەنگاوی ڕوون بنێت و ئەمەی گوت: "ئاشتی پیرۆزترین شتە بۆ ئەم وڵاتە، بۆ هێنانەئارای ئاشتییەکی هەمیشەیی دەبێت دیموکراتیزەکردنی تورکیا بێتەئاراوە. باسی بێدەنگ کردنی چەک دەکەین. پێمان وایە زمینەی پەرلەمان زۆر گرنگە. گەر لە پەڕلەماندا گفتوگۆی ڕوون بکرێت ئەوا تورکیا بەرەوە ئاشتی هەنگاو دەنێت."
لە بەردەومییدا ئەرکان باش سەرنجی خستەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا و گوتی: "وڵاتمان پێویستی بە ئاشتی هەیە. هەروەها هەرێمەکە و ناوچەکەش پێویستی بە ئاشتی هەیە. بۆیە ئاگاداری ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سووریایین، بەڕاستی کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان نیگرانی کردووین. دەبێت هەموومان تێکۆشین بۆ ئەوەی ئاشتی لە وڵات و هەرێمەکەماندا بێتەئاراوە. سوپاس بۆ هاتن و کۆبوونەوەتان."
دواتر تولای حاتەم ئۆغوللاری قسەیکرد و بە ئاماژەدان بە گرنگی قۆناغەکە ڕایگەیان لە مانگی ئاداردا کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکانیان لە پێناو بانگی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا لەگەڵ لایەن سیاسەکاندا بەردەوام دەبێت، تولای جەختی کردەوە لەوەی دەبێت قۆناغەکە وەک زەمینەی کۆتایهێنان بە شەڕی ٥٢ ساڵە و چارەسەرکردن بۆ زەمینەی سیاسی و یاسایی ببینرێت.
لە بەردوەمییدا تولای ئاماژەی بە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و گوتی: "تورکیا لە قەیرانی زۆر قوڵدایە. بەڕێز ئۆجالان لە بانگەوازییەکەیدا بۆ کردنەوەی دەرگا بەڕووی سیاسەتی دیموکراتیکدا سەرنج دەخاتەسەر خۆبەڕێکخستنکاری. وەک ئەوەی دەڵێت؛ 'ئیمکانی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەی سۆسیۆ-ئیکۆمینیک و سیاسی؛ تەنها بە دامەزراندنی زەمینەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سیاسییە.' چارەسەری بەفراوان تەنها بە دیموکراتیک و ڕێکخستنکارییەوە دێتەئاراوە. لەم چوارچێوەیەدا ئەوە بانگەوازییەیی کە کراوە بە گرنگ دەبینین." هەروەها تولای گوتیشی، دەبێت دەسەڵاتداری هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بنێت و هەلومەرجی کارکردن بۆ ڕێبەر ئاپۆ بڕەخسێندرێت، وە جەختی لەوەشکردەوە هەنگاونانی یاسایی زۆر گرنگە لەم پرۆسەیەدا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان بتوانن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کۆببنەوە و پەرە بە دیالۆگ بدرێت.
لە کۆتاییدا هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆلاری وتی: "لە چاوەڕوانی ئەوەداین شاند بچێتە ئیمراڵی. تا ئێستا هیچ شتێکی پلان بۆدانرا لە ئارادا نییە، بەڵام بە دڵنییانەوە دەبێت شاند بچێتە ئیمراڵی. دەبێت دەرگای ئیمراڵی بکرێتەوە تا ئەوەی هەموو ئەو لایەنانەی کە خواستیانە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا پەرە بە دیالۆگ بدەن بتوانن بچنە ئیمراڵی."