چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە وادەیەک بۆ کشانەوەی سوپای تورکیا دابنرێت
چوارچێوەی هەماهەنگی یادداشتە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و تورکیا بە مەترسیدار دەزانێت و دەڵێت: "پێویستە وادەیەک بۆ كشانەوەی سوپای توركیا دابنرێت".
چوارچێوەی هەماهەنگی یادداشتە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و تورکیا بە مەترسیدار دەزانێت و دەڵێت: "پێویستە وادەیەک بۆ كشانەوەی سوپای توركیا دابنرێت".
ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سوودانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی فالح فەیاز کۆبووەوە، پاش کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێکیان دژی یادداشتە ئەمنیەکەی نێوان عێراق و تورکیا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە پێویستە سەروەری عێراق بپارێزرێت و ڕێگەبگیرێت لە هەموو دەستوەردانێک دژی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق. هەروەها جەختکراوەتەوە پێویستە ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیرێت و وادەیەک دیاری بکرێت بۆ کشانەوەی تەواوەتی سوپای تورکیا.
چوارچێوەی هەماهەنگی هەبوونی بنکەی سەربازی لە سنووری عێراق و داگیرکردنی ناوچەکانی لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە ڕەتکردۆتەوە. هەروەها یادداشتە ئەمنییەکەی نێوان ئەنقەرە و بەغدا بە مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی عێراق دانراوە.
داوا دەکات یادداشتەکە نەبێتە پاساوێک بۆ بوونی سەربازیی ناڕەوای سوپای تورک لەسەر خاکی عێراق، داوا لە حکومەت کراوە هەنگاوی جدی بنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق.