د. فەرناز: ئامانجی دەستپێشخەریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" ئازادیی رێبەر ئاپۆ و پشتیوانیکردنە لە دۆزی کورد

سیاسەتمەدار دکتۆر فەرناز عەتییە ئەحمەدی میسری لەبارەی دەستپێشخەریی "ئازادی بۆ ئۆجالان" رایگەیاند، ئامانجیان لە دەستپێشخەرییەکەیان ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ناساندنی دۆزی گەلی کوردە بە جیهان.

دەستەیەک لە رۆشنبیران، ئەکادیمیەکان و مافناسانی میسری دەستپێشخەرییەکی عەرەبییان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستپێکردووە، کە ئامانجیان ئەوەیە بیر و رامانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و دۆزی کورد بە جیهان بناسێنن.

سیاسەتمەدار دکتۆر فەرناز ئەحمەد عەتییە لەبارەی ئامانج و خەباتی دەستپێشخەرییەکەیان وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

- بیری دامەزراندنی ئەو دەستپێشخەرییە چۆن و کەی دەستیپێکرد و کێ تیایدا بەشدارە؟

- دەستپێشخەرییەکە لە دوای کۆبوونەوەی نێوان دەستەیەک لە رۆشنبیران، ئەکادیمییەکان و مافناسانی میسر دامەزرا. هەروەها دوای چەند چاوپێکەوتن و دانیشتن، ئێمە خواستمان پشتیوانییەکی تایبەت لە دۆزی کورد بکەین و کۆمیتەیەکی تایبەتمان بۆ هاوکاریی ئازادیی رێبەر ئۆجالان دروستکرد. هەرچەند ئەو هەنگاوە هەندێک دواکەوت، بەڵام دیسانەوە ئەگەر تۆ درەنگ هەنگاو بنێیت لەوە باشترە، کە هەرگیز هەنگاو نەنێیت. لەبەر ئەوە ئێمە دەزانین، کە ئەو دەستپێشخەرییە زۆر گرنگە بۆ ئازادیی رێبەر ئۆجالان و پێشکەوتنی دۆزی کورد. ئەو کەسانەى بەشداری دەستپێشخەرییەکە بوون دەستەیەک لە رۆشنبیران، سیاسەتمەداران و مافناسانن، کە خواستیان پشتیوانی لە ئازادیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بکەن و بۆ ئەوەش ئەو دەستپێشخەرییەیان دامەزراند.

- ئامانجی ئەو دەستپێشخەرییە چییە و هیوای ئێوە بەو دەستپێشخەرییە چییە؟

- ئامانجمان ئەوەیە، کە پشتیوانی لە ئازادیی رێبەر ئۆجالان بکەن و هەروەها دۆزی کورد بە هەموو گەلی عەرەب بناسێنین و هیوامان ئەوەیە، کە ئەو دەستپێشخەرییە بگاتە هەموو دەوڵەتە عەرەبییەکان و پشتیوانییەکی گەورە لە ئازادیی رێبەر ئۆجالان بکەن. ئێمە ئامانج و هیوامان ئەوەیە بەو دەستپێشخەرییە دەنگدانەوەیەکی جیهانی دروست بکەین. ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک مافناس و ئاکادیمی دەستمان پێکرد و ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئیمزامان بۆ ئازادیی رێبەر ئۆجالان کۆکردووەتەوە. سەرەتا دەستپێشخەرییەکە تەنها لە ئاستی میسردا بوو، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبییەوە بەشداری دەستپێشخەرییەکە بوون و تاوەکو ئێستا ٨٠٠٠ هەزار ئیمزا بۆ پشتیوانی لە ئازادیی رێبەر ئۆجالان کۆکراوەتەوە.

- تا ئێستا هیچ رێگری و گرفتێک بۆ دەستپێشخەریەکەتان دروستنەبووە؟

- لە سەرەتای کارەکەماندا ناڕەحەتی و زەحمەتیی زۆرمان کێشا، هەر لە چۆنیەتیی دامەزراندنی دەستپێشخەرییەکە تاوەکو چۆنیەتیی دەستەبەرکردنی پشتیوانی ماددی بۆ دەستپێشخەرییەکە. بە داخەوە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە جیهاندا ئێمە وەک دەستپێشخەرییەکە نەمانتوانی هەنگاوێکی باش هەڵبگرین، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین هەموو تواناکانی بەردەستمان بەکار بهێنین تاوەکو بتوانین دەستپێشخەرییەکە سەربخەین.

- ئێوە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ناو زیندانی ئیمراڵی چۆن لێکدەدەنەوە؟

- بێگومان زوڵم و ناهەقی بەرامبەر رێبەر ئۆجالان ئەنجام دەدرێت، وەکو گۆشەگیری و رێگریکردن لەوەی، کە پارێزەرەکان و تیمی بەرگریی سەردانی بکەن. لەبەر ئەوانەیە ئێمە بەهیواین، کە ئەو دەستپێشخەرییە هەموو جیهان و مافناسانی مرۆیی لەو کار و رەفتارە بەدەر لە مرۆڤایەتییانە، کە بەرامبەر رێبەر ئۆجالان ئەنجام دەدرێن ئاگادار بکەینەوە.

- خەڵکی میسر چۆن سەیری کەسایەتیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەکەن؟

- بۆچوونی رۆشنبیران ئەوەیە، کە رێبەر ئۆجالان مرۆڤێکی تێکۆشەرە و خاوەنی دۆز و مافە و لەبەر نەتەوەیەک شەڕ دەکات، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەش دا زۆربەى گەلی میسر و خەڵکی عەرەب لە وڵاتانی تر دۆزی کورد و بیر و فەلسەفەی رێبەر ئۆجالان ناناسن، بۆیە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە، کە لە رێگەى ئەم دەستپێشخەرییەوە هەموو گەلی میسر و عەرەب بە بیر و رامانەکانی رێبەر ئۆجالان ئاشنا بکەین و بە شێوەیەکی و راست و بەبێ فریودان لە دۆزی کورد تێبگەن، چونکە هێشتا هەندێک لایەن و بە تایبەتی دەوڵەتی تورک دەڵێن، "کورد تیرۆرن" و هەروەها دەڵێن، "کورد مەترسییە بۆ سەر ئاسایشیان". 

- دەوڵەتی تورک هەموو کات پڕوپاگەندەی ئەوە دەکات، کە بیر و رامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، نەتەوەپەرستانەن. ئێوە بەپێی بەدواداچوونی خۆتان لێکدانەوەتان بۆ ئەوە چییە؟

- دەوڵەتی تورک لە دژی دۆزی کوردی و بیر و رامانەکانی رێبەر ئۆجالانە، بە چڕی لە ناو گەلاندا بە عەرەبیشەوە پڕوپاگەندەی چەواشە و ناڕاست ئەنجام دەدات، بەڵام ئێمە دەزانین، کە رامان و فەلسەفەی رێبەر ئۆجالان بانگی برایەتیی گەلان و ئاشتییە. بانگی دیموکراسییە. هیچ جیاوازی و جیاکارییەک لە نێوان نەژاد و پێکهاتەکاندا ناکات.

ژ.ت