دانپێدانانی سیخوڕەکانی میت لە باشووری کوردستان

ئەو سیخوڕانەی دەزگەی هەواڵگری تورک (میت) کە خەڵکی باشووری کوردستانن و لەلایەن هەپەگەوە دەستگیرکراون، لە دانپێدانەکانیادا باسی چونییەتی سیخوڕیکردنیان لەژێر ئەشکەنجەکانی میت و هێزەکانی باشوری کوردستان دەکەن.

تەلەفزیۆنی ستێرک، لەسەر ئەو تۆڕە سیخوڕییەی دەزگای سیخوڕیی نەتەوەیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک- میت، لە باشووری کوردستان دروستی کردووە، بەرنامەیەکی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە، بەشی یەکەمی بەرنامەکە بەناوی “نۆکەر” شەوی ڕابردوو بڵاوکرایەوە.

لەو بەرنامەیەدا، دانپێدانانی ئەو سیخوڕانە کە لەلایەن گەریلاکانی هەپەگەوە دەستگیرکراون بڵاو کراوەتەوە و سیخوڕەکان کە خەڵکی باشووری کوردستانن و لەژێر ئەشکەنجە و فشاردا هاوکاریی میتی تورکیان کردووە، باسی ڕێبازە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سیخوڕیکردن دەکەن.

سیخوڕەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە لەلایەن دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی ئاسایش و دەزگای سیخوڕیی پەدەکە- پاراستن، ئەشکەنجەدراون و فشاریان خراوەتەسەر و پارەیان وەرگرتووە و سیخوڕییان کردووە.

ئەم بەرنامەیە، جارێکی دیکە پیلانە چەپەڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە باشووری کوردستان ئاشکرا دەکات.

ک-ش