پەرلەمانتارانی حیزبی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی سوید ئابراهام هالیف و ئینگیلا نیلوند و پەرلەمانتاری حیزبی لیبراڵ رۆبێرت هانناه پرۆژە پێشنیازیەکیان پێشکەشی پەرلەمانی سوید کردووە و داوا دەکەن، کۆمەڵکوژکردنی سوریانی – ئاسووریەکان لە ساڵانی ١٩١٤ – ١٩١٥ ، کە لەلایەن سوریانەکانەوە بە سەیفۆ دەناسرێت، وەک وانەیەک لە خوێندنگەکانی سویددا بخوێنرێت.
ئەو پەرلەمانتارە سویدییانە داوایانکردووە، بۆ ئەوەى پرۆژە پێشنیازەکەیان لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە و قبوڵ بکرێت و کۆمەڵکوژیی سەیفۆ وانەیەکی لە خوێندنگەکان بۆ دابنرێت، دەبێت ئەرک بۆ حکومەت دیاری بکرێت.
پەرلەمانتارەکان راشیانگەیاندوو، لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ – ١٩١٨دا لە خاکی تورکیای ئێستادا زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار سوریانی، ئاسووری، کلدانی، ئەرمەنی و رۆمییەکانی پۆنتوس کۆمەڵکوژکراون. ئەوەشیان راگەیاندووە، "ئامانجی ئەو کۆمەڵکوژییە ئەوە بووە پێکهاتەکان و جیاوازییەکان بسڕدرێنەوە و کۆمەڵگەیەکی یەک شێوە و یەک جۆر لە رووی زمان و ئایینەوە دروست بکرێت. بۆ ئەوەش مەسیحییەکان لە شوێنی خۆیان، لە زێد و لەسەر حاڵ و ماڵی خۆیان کۆمەڵکوژکران و مافی ژیانیان لێسەندرایەوە".
لە پرۆژە پێشنیازەکەدا هاتووە: "تورکیا کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەکە قبوڵ ناکات و نایەوێت راستیی رابردووی خۆی ببینێت. پەرلەمانی سوید وەک زۆرێک لە وڵاتان لە ساڵی ٢٠١٠دا جینۆسایدی سەیفۆی قبوڵکردووە. نەوە و خزمی ئەو کەسانەى کۆمەڵکوژکراون و زیانیان پێگەیشتووە، تاوەکو ئێستاش چاوەڕێی لێکتێگەیشتن و قبوڵکردنی ئەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەن".
ژ.ت