دایکانی گەریلا داوای بەسزاگەیاندنی خیانەتکاران دەکەن
دایکانی گەریلا تووڕەیی خۆیان سەبارەت بە ڕادەستکردنی گەریلای هەپەگە (هارون ئەلباک) بە دەسەڵاتی تورکیا پیشاندا. داوایان لە گەلی باکووری کوردستان کرد خیانەتکاران بەسزا بگەیەنن.
دایکانی گەریلا تووڕەیی خۆیان سەبارەت بە ڕادەستکردنی گەریلای هەپەگە (هارون ئەلباک) بە دەسەڵاتی تورکیا پیشاندا. داوایان لە گەلی باکووری کوردستان کرد خیانەتکاران بەسزا بگەیەنن.
بەهۆی ئەشکەنجەدانی گەریلایەکی هەپەگە، هارون ئەلباک لەسەر دەستی چەند گوندنشینێکی شارۆچکەی هەزەخی سەر بە شاری شەرناخی باکووری کوردستان، پاشان رادەستکردنەوەی بە دەسەڵاتی داگیرکەری تورکیا. ئەمڕۆ دایکانی گەریلا بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پەکەکە و لە مەزارگەی شەهید دەلیل سارۆخان لە قامیشلۆ، بەیاننامەیەکی زارەکییان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
بەیاننامەکە لەلایەن دایکە مەنیجە حەیدەرەوە خوێندرایەوە، لە سەرەتای بەیاننامەکەدا، «سەرکۆنەی ئەو خیانەتەی کرا کە بەرامبەر هەڤاڵ هارون ئەنجامدرا لەسەر دەستی خۆفرۆشان، ئەوانەی ئەشکەنجەیاندا و پاشان ڕادەستی تورکیایان کرد، هەمان ئەو تورکیایەی دوژمنی لەمێژینەی گەلی کوردە، هەڵبەت ئەم کارە پەڵەیەکی ڕەشە بەنێو چاوانی ئەوانەوە کە بانگەشەی کوردبوون دەکەن».
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «ئەوانەی هاوکاریی تورکیا دەکەن بۆ لەناوبردنی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، هەرگیز بە ئامانجەکانیان ناگەن، ئەم گەلە بە خیانەت لەناوناچێت و مێژووش گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە».
هەروەک بەیاننامەکە پیشاندەری شانازی دایکانی گەریلا بوو، «بەو بەرگرییەی ڕۆڵەکانیان لەنێو چیا ئازادەکاندا ئەنجامی دەدەن» هەروەها گوتی «دایکانی گەریلا بەڵێن دووپات دەکەنەوە، بە هەر نرخێک بێت، تا دوا دڵۆپی خوێن لەگەڵ ڕۆڵەکانیان دەمێننەوە. وەکچۆن مێژوو سزای خۆفرۆشانی هاوشێوەیانی داوە، بێگومان سزای ئەم خیانەتکارانەش بەچاو دەبینین، دڵنیاین گەلی ئێمە لە شارۆچکەی هەزەخ و سەرتاپای باکووری کوردستان ئەم خیانەتکارانە بە سزای خۆیان دەگەیەنن و لەنێو خۆیاندا جێگەیان ناکەنەوە».
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، دایکانی گەریلا جەختیان کردەوە لەوەی «هەموویان دایکی هارونن، هاوشێوەی ڕۆڵەکانیان لە چیا ئازادەکان، ئەوانیش خەباتەکەیان بەتینتر دەکەنەوە، هەروەک ئاسوودە نابن، تا خیانەتکاران بە توندترین سزا نەگەن».
داوایان لە گەلی کورد لە باکوور و سەرتاپای کوردستان کرد «هەرگیز وشەکانی هارون لەیاد نەکەن کە لە دڵماندا نەخشێنراوە، ئەوەی ئازارمان دەدات خیانەتی دەرەکی نییە، بەڵکو خیانەتی ناوخۆییە لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان».