دایکی شەهید یڵدز: ئێمە ڕێبەرەکەی خۆمان دەوێت

ئێشکگریی ئازادیی ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی کۆماو بەڕێوەدەچێت. دایە خانێ یڵدز دایکی شەهید یڵدز بە ناوی کۆماوەوە وتی، "تەمەنم ۸۰ ساڵە. تەنانەت ئەگەر ببم بە ١٠٠ ساڵیش بۆ ڕێبەرەکەی خۆم دێمە ئێرە. ئێمە سەرۆک ئاپۆمان دەوێت، ئیدی تەحمولمان نەماوە".

چالاکیی 'ئێشکگریی ئازادی' لەلایەن دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە ۲۵ی حوزەیرانی ۲۰۱۲ بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا دەستی پێکرد و ئێستا چالاکییەکە لە هەفتەی ٥٦٩هەمیندایە.

چالاکیی 'ئێشکگریی ئازادی' هەر هەفتانەیەک لەلایەن گروپێک لە کورد و دۆستانیان لە ئەوروپا بەڕێوەدەچێت، چالاکیی ئەم  هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان (KOMAW) بەڕێوەدەچێت.

گروپەکەی ئەم هەفتەیە پێکهاتوون لە خانێ یڵدز، سەلامەت مات، سەلیم ئۆڵتان و محەمەد شیرین ئاکباش.

دایە خانێ یڵدز دایکی شەهید یڵدز بە ناوی گروپەکەوە توڕەیی خۆی لە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربڕی و وتی: "ئێمە بەڵێنمان بە ڕێبەر ئاپۆ داوە؛ ئێمە لە ڕێگای شەهیدەکانمان پاشگەزنابینەوە. بە تایبەتی سڵاو لە سەرۆک ئاپۆ دەکەم. ئێمە داوا لە هەموو جیهان دەکەین، داوا لەو هێزانە دەکەین، کە ڕێبەرەکەمانیان ڕادەستی دەوڵەتی تورک کردووە؛ ئێمە ئێمە ڕێبەرەکەی خۆمان دەوێت. ئێمە هیچ شتێکی دیکەمان لەو دەوڵەتانە ناوێت. ئێمە داوای ڕێبەر ئاپۆ دەکەین. نە پارێزەرەکانی، نە بنەماڵەکەی ناتوانن بیبینن. ٢ ساڵ تێپەڕی، هیچ هەواڵ و زانیارییەکمان لە بارەیەوە نییە. من تەمەنم ۸۰ ساڵە و تەنانەت ئەگەر تەمەنم ببێت بە ١٠٠ ساڵ، بۆ رێبەرەکەمان دێمە ئێرە و دادەنیشم. ئێمە سەرۆک ئاپۆمان دەوێت. بەم بۆنەیەوە سڵاوی تایبەتی خۆم دەنێرم بۆ پاڵەوانەکانمان لە چیاکانی کوردستان."

'خۆتان کەڕ و کوێر مەکەن، بمانبینن!'

یڵدز ڕایگەیاند، چیتر سەبر و تەحمولمان بەرامبەر ئەو نادادییە لە دژی گەلی کورد دەکرێت، نەماوە و وتی: "زیندانەکانیان  پڕکردووە. دایکانمان، کچەکانمان، پیاوەکانمانیان زیندانیکردووە، هیچ وڵاتێک ناڵێت، 'ئەمانەش مرۆڤن.' ناڵێن، 'ئەوانیش مافیان هەیە.' هەموویان بوون بە یەک و خۆیان بێدەنگ کردووە. باشە ئێمە مرۆڤ نین؟ ئێمەش مافمان هەیە. ئێمە لە خاکەی خۆمان دەرکراین. ئێمە داوای ڕێبەرەکەی خۆمان دەکەین، ئێمە داوای وڵاتەکەی خۆمان دەکەین. داوا لە دەوڵەتانی جیهان دەکەم؛ خۆان کەڕ و کوێر نەکەن. ئیدی بەسە، ئێمە ببینن! چیتر سەبر و تەحمولمان نەماوە. ئێمە لە پشت ڕێبەرەکەمانین، لە پشت شەهیدەکانمانەوەین. بژی سەرۆک ئاپۆ، شەهید نامرن."

ژ.ت