دەم پارتی: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران قەیرانەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکاتەوە

کۆمیسیۆنی کاروباری دەرەوەی دەم پارتی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە دانوستان و چارەسەری ئاشتیانە بە بنەما بگرن.

هاو وتەبێژی دەم پارتی، ئەبرو گونای و بەدران ئۆزتورک لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایانگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ بەردەوامی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، ڕێگری لە هەوڵەکانی چارەسەری دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی ناوچەیەکی نوێی شەڕ و ململانێ.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە خەڵکی مەدەنی زیانیان پێدەگات و ئەو وڵاتە وەک غەززە پابەند نییە بە یاسا نێونەتەییەکانەوە. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکومەتی نەتانیاهۆ لەهەر جۆرە بەرپرسیاریەتێک خۆی بە دوور دەگرێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەی دەم پارتی دا ئاماژە بەوە کراوە کە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە چالاکەکانی ئێران دەبێتە هۆی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی و ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنیا گەلی ئێران بەڵکو گەلانی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە. ئەوەش هاتووە کە ئیسرائیل بە هۆی ئەوەی لەبواری جوگرافیەوە دوورە هێرشەکانی ئەنجام دەدات و هیچ بەرپرسیاریەتێک لەئەستۆ ناگرێت.

دەم پارتی لە کۆتای بەیاننامەکەیدا داوای لە حکومەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن کە دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکی مەدەنی و بگەڕێنەوە سەر دانوستانە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئێران.