دەنیز پۆیراز لەسەر گۆڕەکەی یادکرایەوە

دەنیز پۆیراز کە ١٧ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئەزمیر لە باڵەخانەی هەدەپەی ئەزمیر لە هێرشێکی چەکداریدا شەهیدکرا، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی لە گۆڕستانی کایناکلاری بوجا بە مەراسیمێک یادکرایەوە.

بنەماڵە و هەڤاڵانی دەنیز پۆیراز و دایکانی ئاشتی و بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ڕێکخستنەکانی دەم پارتی لە شارەکە و ناوچەکان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی عەدالەت کایا و بورجگول چوبوک، هەروەها چەندین نوێنەری پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان و هاوڵاتییان بەشداربوون.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی، ئەندامی دایکانی ئاشتی موزەیەن کۆرتاک گوتی: "شەهیدانمان شکۆی ئێمەن. ئێمە شوێنکەوتەی شەهیدانین".

پاشان پەرلەمانتاری دەم پارتی عەدالەت کایا، ڕایگەیاند ئەم هێرشە، هێرشێکی سیاسی بوو دژی ئاشتی و یەکسانی و ئیرادەی پێکەوەژیان، گوتی: "دەنیز پۆیراز نوێنەری ملیۆنان کەس بوو، ئەمە هێرشێکی سیاسی بوو، یاد و تێکۆشانی شەهیدان مەزنتر دەکەین".

دایکی دەنیز پۆیراز، فەهیمە پۆیراز ڕایگەیاند پێداگرن بۆ درێژەدان بە تێکۆشانی کچەکەیان، گوتی: "ئەم تێکۆشانە، تێکۆشانی ژنان و  گەنجانە. ئەگەر یەکبگرین، کەس ناتوانێت ئێمە بشکێنێت. لە هەموو هەلومەرجێکدا، بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین".

مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات. دواتر لە بینای ڕێکخستنی دەم پارتی شارەکە، سینڤزیۆنێک بۆ یادی دەنیز پۆیراز نیشاندرا.