بە دیمەن

درووشـمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" لە ستۆکهۆڵم و مالمۆ دەنگی دایەوە

لە گردبوونەوە و ڕێپێوانەکان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، تووڕەیی بەرامبەر گۆشەگیری زیاتر بوو، لە چالاکیەکەی ستۆکهۆڵم بەجۆشێکی مەزنەوە پێشوازی لە سڵاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرا، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەمزی کارتال گوتی: "لە سەرکەوتن نزیکین، وەرن تێکۆشان مەزن بکەین".

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" کوردستانی و دۆستەکانیان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید و شاری مالمۆ ڕێپێوان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.

ستۆکهۆڵم

چالاکوانان لە گۆڕەپانی نۆرابانتۆرگێت لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کۆبوونەوە، ئاڵای پەکەکە و ئاڵایان بە وێنەی ڕێبەر ئاپۆ بەرزکردەوە.

چالاکییەکە بە پێشەنگایەتی نەجەدەکە_سویسرا و مەجلیسی ژنانی ئامارا ئەنجامدرا، سەرەڕای هەوای سارد بەشدارییەکی بەهێز کرا، سڵاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ لەڕێگەی عومەر ئۆجالانی برازایەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا، درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "سڵاو سڵاو، هەزار سڵاو لە ئیمراڵی" بەرزکرایەوە.

هونەرمەند سەرحەدۆ ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ و بەرخۆدانی گەریلا گۆشەگیری لاواز کرد، پاشان سروودی "لێدە گەریلا لێدە"ـی چڕی.

"بە بەرخۆدان ڕێگە لە پلانەکانی تەسفیەکردن گیرا"

هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕەمزی کارتال تیشکی خستەسەر دیدارەکەی عومەر ئۆجالان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ڕایگەیاند هەرچەند گۆشەگیری نەشکاوە بەڵام دەسکەوتنی زانیاری دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ گرنگە، ئەم دیدارەش لەسایەی بەرخۆدانی گەل بەدی هاتووە. ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەموو هێزی بەکارهێناوە بۆ تەسفیەکردنی تێکۆشانی ئازادی، بەڵام لەڕێگەی بەرخۆدانەوە پلانەکانی تەسفیەکردنی ڕێگەیان لێ گیرا.

"تەواو لە سەرکەوتن نزیکین"

کارتال ئاماژەی بەوە کرد گەلی کورد زۆر نزیکە لە سەرکەوتن و بانگەوازی کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.

پاشان جەماوەر لە شەقامە قەرەباڵەغەکانی ستۆکهۆڵم بە بەرزکردنەوەی درووشم ڕێپێوانیان کرد، گەلی ستۆکهۆڵم پێشوازییەکی گەرمیان لە چالاکییەکە کرد، گەنجان برۆشوریان دەربارەی گۆشەگیری دابەشکرد. پاش سێ کیلۆمەتر ڕێپێوان جەماوەر گەیشتنە پەرلەمان، لەوێش چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

مالمۆ

لە مالمۆ بە بەشداری سەدان کوردستانی و دۆستەکانیان گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

لە چالاکییەکەدا چەند وتەیەک پێشکەش کران، چەند خاڵێک لە وتەکان بەم شێوەیە:

"ڕێبەر ئاپۆ تاکە کلیلی چارەسەری پرسی کورد و پشێویی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. دەبێت هەمووان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن. چونکە لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، هەموو ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن کورد و مرۆڤ و دیموکرات و سۆسیالیست، دادگایی دەکرێن".

"ڕێبەر ئاپۆ کە لە دوورگەی ئیمراڵی بەدیل گیراوە، سەرەڕای هەموو کارێکی نامرۆڤانە و ئەشکەنجەی دەروونی دەوڵەتی فاشیستی تورک، دیدگای چارەسەری پرسی کورد پێشکەش بە گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەکات. بەرگری لە ڕێبەر ئاپۆ بەرگرییە لە مرۆڤایەتی. بەرگری لە ڕێبەر ئاپۆ، بەرگرییە لە خود و بەرگرییە لە شەهیدان و بەرگرییە لە بەهاکان. پێویستە هەمووان بۆ چارەسەری پرسی کورد و نەهێشتنی پشێویی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرپرسیار بن".

کوردستانیان و دۆستەکانیان درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "ئازادی بۆ سەرۆک ئاپۆ، ستاتۆ بۆ کوردستان" و "بمرێ فاشیزمی ئاکەپە_مەهەپە"یان بەرزکردەوە.