دەستەی گشتی پەڕلەمان کارەکانی ڕاوەستاند

بەهۆی دۆخی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەرەوە، کە لەژێر چاودێری پزیشكیدایە، دەستەی گشتی پەڕلەمان بۆ دوو ڕۆژ کارەکانی ڕاوەستاند.

ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، سری سورەیا ئۆندەر لە ١٥ ی نیسان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گەیەندرایە نەخۆشخانە، هێشتاش دۆخی تەندرووستی ناجێگیرە. پزیشکەکان کاتژمێر ١٢:٠٠ کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست و ڕایانگەیاند مەترسی لەسەر ژیانی ئۆندەر ماوە.

تێکچوونی دۆخی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەر نیگەرانی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا درووستکردووە. دەستەی گشتی پەڕلەمان بە هۆی ناجێگیری دۆخی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەرەوە بۆ دوو ڕۆژ کارەکانی ڕاوەستاند. ڕاگەیاندرا کۆمیسۆنیش کارەکانی خۆی ڕادەگرێت.

هەروەها جەختکراوەتەوە لە دوێنێوە ئەردۆغان ٢ جار پەیوەندی بە پەروین بوڵدانەوە کردووە و پرسیاری دەربارەی ڕەوشی ئۆندەر پرسیاری کردووە، گوتویەتی "هەرچی پێویستە بیکەن".

باخچەلی تەلەفۆنی کرد

سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دەربارەی ڕەوشی سری سورەیا ئۆندەر پەیوەندی بە پەرلەمانتاری دەم پارتی پەروین بوڵدان و پزیشکانەوە کرد. باخچەلی لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ پەروین بوڵدان، هیوای چاکبوونەوەی بۆ ئۆندەر خواست. وە لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ نەخۆشخانەکە و پزیشکەکان زانیاری دەربارەی ڕەوشی تەندرووستی ئۆندەر وەرگرت.