دۆسیەی ئیمراڵی لە سی پی تی: بوو بە کۆمیتەی چاودێری نەک ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە

سی پی تی لە ساڵی ١٩٩٩ەوە ٨ جار شاندی بۆ ئیمراڵی ناردووە. لە ١٠ ساڵی ڕابردووشدا تەنها ٣ جار شاندی ناردووە بۆ ئیمراڵی و لە جیاتی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک 'کۆمیتەی چاودێری' جوڵاتەوە.

سی پی تی لە ساڵی ١٩٩٩ەوە ٨ جار شاندی بۆ ئیمراڵی ناردووە. لە ١٠ ساڵی ڕابردووشدا تەنها ٣ جار شاندی ناردووە بۆ ئیمراڵی و لە جیاتی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە و گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەک 'کۆمیتەی چاودێری' جوڵاتەوە.

سی پی تی بە واتای "کۆمیتەی رێگریکردن لەو سزایانەیە، کە کردار و ڕەفتاری کەرامەتشکاندنیان تیادایە، یان بەدەر لە پێوەرە  مرۆڤایەتیەکان و بۆ پێشگرتن لە ئەشکەنجەیە لە ئەنجومەنی ئەوروپادا"، تاکە دامەزراوەی نێونەتەوەییە، کە دەتوانێت سەردانی زیندانەکانی ٤٦ وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا بکات بەبێ ئەوەی مۆڵەت بۆ سەردانەکانی وەربگرێت. چونکە ئەوە کراوە بە یاسای ناچاری بەسەر وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئەوروپا، کە دەبێت هەموو کات دەرگای زیندانەکان و بنکە سەربازییەکان بۆ کۆنترۆڵ و پشکینینی سی پی تی کراوە بێت.

دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٤٩ەوە ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپایە. سی پی تی یەکێک لە گرنگترین ئۆرگانەکانی ئەنجومەنی ئەوروپایە و هەوڵ دەدات ڕێگری لە مامەڵەی خراپ و کاری دژبە مرۆڤایەتی و ئەشکەنجە لە دژی دەستگیرکراوان بکات. بەپێی ڕاپۆرت و هۆشدارییەکانی سی پی تی، وڵاتانی ئەندام ناچارن دۆخی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن بگۆڕن، ئەمە بەسەر هەموو وڵاتێکدا دەسەپێنرێت، کە پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی ئەوروپا (PMME) پەسەند کردووە.

سی پی تی ٥٠ ئەندامی بێلایەن و سەربەخۆی هەیە، کە پسپۆڕی دەروونی، پزیشک، پارێزەر و مافناس و زانای سیاسییان تیادایە، یەکێک لە بەردەنگە سەرەکییەکان بۆ نەهێشتنی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی دەوڵەتی تورک لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان. هەرچەندە دەبوو سی پی تی لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا هەوڵی زۆر بدات بۆ کۆتایی پێهێنانی پێشێلکارییەکان، کارە نایاساییەکان و کردارەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئیمراڵی، سەرباری ئەوەی ناوی "کۆمیتەی نەهێشتنی ئەشکەنجەیە"، بەڵام لەم قۆناغ و لەم پرۆسەیەدا وەک "کۆمیتەى چاودێریی ئەشکەنجە" جوڵاتەوە. سی پی تی تەنها لە ماوەی چەند ساڵدا لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئیمراڵی ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد و تەنیا کارەکانی خۆی بە چاودێریکردنی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەوە سنووردار کرد.

ماوەی ١٨ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست نەگەیشتووە. سی پی تی لەم بوارەدا گوێی لە بانگەشەکانی گەلی کورد و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان نەگرت. هاوکات چاودێریی دەرەنجامەکان، یان جێبەجێکردنی خاڵەکانی  ڕاپۆرتەکانی پێشووی خۆی نەکرد.

سی پی تی کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بە گشتی ٨ جار لێکۆڵینەوەی لە ئیمراڵی کردووە، لە کاتی هەندێک لە سەردانەکەیدا وتی، نیگەرانن لە ژیان و تەندروستیی عەبدوڵا ئۆجالان. سی پی تی پاش هەر سەردانێک ڕاپۆرتی بەرفراوانی لەسەر ئیمراڵی ئامادە دەکرد و بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری و تەریکخستن چەندین پێشنیازی دەخستەڕوو و داوای لە دەوڵەتی تورک دەکرد بۆ ئەو خاڵانە "دەست بە کار بکات"، بەڵام سی پی تی لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەی ڕابردوودا تەنها ٣ جار سەردانی ئیمراڵی کردووە و ساڵی ٢٠٢١یش کاتێک سەردانی تورکیای کرد بە پێویستی نەزانی بڕوات بۆ ئیمراڵی لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئیمراڵی بکات!.

پوختەی ڕاپۆرتەکانی سی پی تی لەو ٨ سەردانەیەدا بۆ ئیمراڵی بەم شێوەیەیە:

ساڵی ١٩٩٩ : هەلومەرجی ڕاگرتنەکەى کاریگەرییەکی خراپ لەسەر تەندروستیی دەکات

شاندی سی پی تی یەکەمجار لە ٢ی ئازاری ١٩٩٩ سەردانی ئیمراڵییان کرد. ڕاپۆرتی ئەم سەردانەش لە ٥ی ئایاری ١٩٩٩دا بڵاوکرایەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو، نابێت عەبدوڵا ئۆجالان بە تەنها لە زینداندا بهێڵدرێتەوە.

سەبارەت بە خراپی دۆخی ئیمراڵیش لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە: " لە شوێنێکدا، کە هیچ کەسێکی تیادا نییە، لە ژێر باری ئەمنیی بەرز و چڕدابوون بە تەنیا ڕاگیراوە. ئەو هەلومەرجانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی بەڕێز ئۆجالان دەبێت. پێویستە بۆ پێشگرتن لەوە ڕێوشوێنی پێویست بگیردرێتە بەر.

ساڵی ٢٠٠١ :  نابێت لە گۆشەگیریی باری نائاسایی ناکۆتادا ڕابگیرێت

ىسی پی تی لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٠١دا سەردانی چەندین زیندان و بنکەی سەربازی و پۆلیس و زیندانی ئیمراڵی کرد. ڕاپۆرتی ئەو سەردانەی لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢ بە مۆڵەت و ڕەزامەندیی حکومەتی تورکیا بڵاوکرایەوە. سی پی تی لەم ڕاپۆرتەدا لەبارەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە ڕایگەیاند، "نابێت بۆ هەتاهەتایە لە گۆشەگیریی باری نائاسایی دا ڕابگیرێت" و داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، ئەو هەلومەرجانە بگۆڕێت و دەرفەتێک بڕەخسێنێت تاوەکو بتوانێت لەگەڵ زیندانییەکانی تر کۆببێتەوە.

هەروەها سی پی تی داوایکرد، تەلەفزیۆن و ڕادیۆ، کە کەناڵی زۆریان تیادا بێت و پەیوەندی بە تەلەفون لەگەڵ خزمەکانیدا بۆ ڕێبەری گەلی کورد دابین بکرێت. هاوکات سی پی تی داوایکرد، عەبدوڵا ئۆجالان بە شێوەی "سەربەستانە" لە ناو ئەو ژوورەدا، کە تیایدا دەمێنێتەوە و ژوورەکەى تەنیشتیدا بە ئازادانە بگەڕێت و هاتوچۆ بکات. هەرچەندە ٢٠ ساڵ بەسەر ئەم داواکارییەدا تێپەڕیوە، بەڵام دەوڵەتی تورک جێبەجێی نەکردووە و گۆشەگیری و تەریکردنی زۆر زیاتر و چڕتر کردووە.

٢٠٠٣:  نابێت مافی سەردانکردن ئاستەنگ بکرێت

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەوڵەتی تورک بە وتەی "کەشتیی خراپە"، یان "کەش و هەوا خراپە" بەردەوام ڕێگریی لە دیداری بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ  ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکرد. سەردان و چاوپێکەوتنی بنەماڵە سەرەتا هەفتەی ٢ جار بوو، بەڵام دوای ماوەیەک بۆ جارێک لە هەفتەیەکدا کەمکرایەوە، دوای ماوەیەکی تریش ماوەی چاوپێکەتنەکان، کە ٢ کاتژمێر بوو کەمیانکردەوە بۆ یەک کاتژمیر. بە پێشێلکردنی پەیماننامە نێونەتەوەییەکان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک کۆبوونەوەکەی ڕاگرت و ئیدی چاوپێکەتنەکانی کرد بە دووجار لە مانگێکدا، یان جارێک لە مانگێکدا.

سی پی تی لە نێوان ١٦ و ١٧ی شوباتی ٢٠٠٣ سەردانی ئیمراڵی کردبوو ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٤ی خۆی لەسەر گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی بڵاوکردەوە و پێشنیازی کرد، گۆشەگیری لە ئیمراڵی کۆتایی پێبێت، تاوەکو بە پاساوی بچووک رێگری لە چاوپێکەوتن و دیدارەکان نەکرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ڕێگریکردن لە دیدار و کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ بۆ زیندانییەک دۆخێکی جدییە و قبوڵ کراونییە.

٢٠٠٧ : دەبێت بتوانێت پەیوەندی بە دەرەوە بکات و چارەسەر بکرێت

چوارەمین سەردانی سی پی تی بۆ ئیمراڵی دوای ژەهراویبوونی عەبدوڵا ئۆجالان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا. لە ١ی ئازاری ٢٠٠٧ پارێزەران لە ڕۆما کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ڕێکخست و ڕایانگەیاند، لە تاقیگەکەدا قژی ئۆجالان پشکنینی بۆ کراوە و لە ئەنجامدا ماددە کیمیاییەکانی ستۆنسیوم و کرۆنیم لە ئاستێکی بەرزدا لە جەستەی ڕێبەری گەلی کورد دا هەیە. ئەوەشیان وەک ژەهرخواردکردنی بە بەرنامە و سیستماتیک پێناسە کرد.

لە نیسانی ٢٠٠٧دا ١٨ سیاسەتمەدار و چالاکوانی کورد بۆ ئەوەی شاندێکی سەربەخۆ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەر بکات، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیان بە مانگرتنی بێکۆتایی لە خواردن کرد. لە ئەنجامی مانگرتنی ٣٩ ڕۆژەدا و کۆکردنەوەی زیاتر لە ١٠٠ هەزار واژۆ لەماوەی هەفتەیەکدا، بەڕێوەبەرایەتی سی پی تی بڕیاریدا شاندێک بۆ ئیمراڵی بنێرێت.

ڕاپۆرتی سەردانی ١٩ بۆ ٢٢ی ئایاری ٢٠٠٧ی سی پی تی بۆ ئیمراڵی دوای ساڵێک بڵاوکرایەوە و چەند پێشنیازێکی بۆ پەیوەندیی ڕێبەری گەلی کورد بە جیهانی دەرەوە و چارەسەرکردنی تیادا بوو. لە ڕاپۆرتەکەشدا هاتبوو، مەرجەکانی زیندانی ئیمراڵی بەپێی سەردانەکەى ٤ ساڵ لەوە پێش هیچ گۆڕانکارییەکی تیادا نەکراوە، یا گۆڕانکارییەکی زۆر کەمی تیادا کراوە.

٢٠١٠:  هێشتا تەلەفزیۆنی نییە و قەدەغەی پەیوەندیی تەلەفۆنی بەردەوامە

پێنجەمین سەردانی سی پی تی بۆ ئیمڕاڵی دوای ئەوە بوو، کە زیندانێکی نوێ لە دوورگەکە دروستکرا و ٥ زیندانی دیکە ڕەوانەی دوورگەکە کران. سەردانەکە لە ٢٦-٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ ئەنجام درا، ماورۆ پالما سەرکی سی پی تی لە شاندەکەی سی پی تی دا بۆ ئیمراڵی. ڕاپۆرتی ئەم سەردانەش لەمانگی تەمووزی هەمان ساڵدا بڵاوکرایەوە. بۆ ئەوەی ئۆجالان بتوانێت لە ژوورەکەیدا  ڕووناکیی پێ بگات و ببینێت، پێویستە هەنگاو بنرێت. هەروەها داواکرابوو، زیندانییە تازە گواستراوەکان بۆ زیندانی ئیمراڵی بتوانن پێکەوە کۆببنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، عەبدوڵا ئۆجالان وەک زیندانییەکانی دیکەی ئیمراڵی تەلەفیزیۆنی پێبدرێت و هەندێکجاریش رێگای پێ بدرێت، کە بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بدوێت.

٢٠١٣:  سزای ژووری تاکەکەسیی درێژخایەن قبوڵ ناکرێت

لە ١٦-١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ دا سی پی تی بۆ ٦هەمین جار سەردانی ئیمراڵیی کرد و لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ئەو سەردانەیەوە بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، عەبدوڵا ئۆجالان هێشتا لە ڕووناکی و دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیانی دیکەی بێبەشکراوە و ماوەی چەند ساڵیشە ڕێگەی پێنەدراوە بە تەلەفۆن قسە بکات و جارێکیتر باسی لەو پێشێلکارییانە کردەوە.

لەم ڕاپۆرتەی سی پی تی دا ئەوەش هاتووە، "سزای دیسیپلین"، کە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی میزاجی و خۆسەپێنەرانە دەیسەپێنێت قبوڵ ناکرێت. بە پێی ڕاپۆرتەکەی سی پی تی، نابێت لە سزای دیسیپلین دا سزای ژووری تاکەکەسی  لە ١٤ ڕۆژ زیاتر بێت.

٢٠١٦:  پێویستە پەیوەندیی لەگەڵ دەرەوە هەبێت

پاش سێ ساڵ، سی پی تی لە ٢٨-٢٩ی نیسانی ٢٠١٦ سەردانی زیندانی ئیمراڵی کرد. سەردانەکەی بە 'ئاد هۆک' وەسف کرد، واتە سەردانێک، کە پێشتر پلانی بۆ دانەنراوە. ڕاپۆرتی ئەو سەردان و لێکۆڵینەوەیە لە ئازاری ٢٠١٨دا بڵاوکردەوە، چونکا دەوڵەتى تورک تاوەکو ٢ ساڵ ڕێگای بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە نەدا.

سی پی تی لەم ڕاپۆرتەدا ڕایگەیاندووە، بە شێوەیەکی سەرەکی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییەکانی تری ئیمراڵی ناتوانن پەیوەندی بە  دەرەوەوە بکەن و ڕایگەیاندووە، پاساوی دەسەڵاتدارانی تورک، کە دەڵێن، "کەشتییەکە خراپە"، یان "کەش و هەوا خراپە" جێگەی باوەڕپێکردن نییە.

٢٠١٩:  قەدەغەکارییەکانی سەر ئیمراڵی قبوڵ ناکرێن

لە دوای ساڵی ٢٠١٦ و دوای چالاکیی ڕۆژووی مردن (مانگرتن تا مردن) لە زیندانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا و هەر چوار لای جیهان، شاندی سی پی تی پێکهاتوو لە ٦ کەس لە نێوان ٦-١٧ی ئایاری ٢٠١٩دا سەردانی زیندانەکانی تورکیایان کرد و چوونە ئیمراڵی. ڕاپۆرتی ئەو سەردانەش دوای ساڵێک بڵاوکرایەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: هۆکاری ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی خێزانەکان پاساوی فێڵلێکردن بووە و بۆ ئەوەش داوا لە دەوڵەتی تورک کراوە، کە لەو بوارەدا هەنگاو بنێت. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سیستمی گۆشەگیریی لە ئیمراڵی قبوڵ ناکرێت.

٢٠٢١:  سی پی تی لە سەردانەکەیاندا بۆ تورکیا نەڕۆیشتن بۆ ئیمراڵی!

سی پی تی بۆ نەهێشتن و هەڵگرتنی گۆشەگیری و دابڕاندن لە ئیمراڵی، ٨ جار سەردانی ئیمراڵی کردبوو، بۆ ئەو پرسەش پێشنیازی بۆ دەوڵەتی تورک هەبوو، کە چارەسەری بکات، بەڵام دوای پێشنیازەکانی نەکەوتن و تەنانەت لە ساڵی ٢٠٢١دا بە پێویستیان نەزانی بڕۆن سەردانی ئیمراڵی بکەن. سی پی تی لە ١١-٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ سەردانی چەندین زیندانی تورکیای کرد، بەڵام نەچوونە ئیمراڵی.

٢٠٢٢:  ڕاپۆرتی تورکیا بەبێ ئیمراڵی بڵاوکرایەوە

سی پی تی ڕاپۆرتی کاروباری گشتیی ساڵی ٢٠٢١ی لە مانگی نیسان دا بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتە باسی لە سەردانەکانیان بۆ ٩ وڵات کردبووە، کە تورکیاشی لە ناودا بوو. راپۆرتێک لەسەر سەردانەکانیان بۆ ئەو ٩ وڵاتە ئەندام ئامادەکردبوو. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو، کە ڕاپۆرتەکە هیچ خاڵ و بڕگە و زانیاریەکی تایبەت بە زیندانی جۆری ئێف ئاسایشی ئاستبەرزی ئیمراڵی لەخۆ نەگرتبوو.

ژ.ت