دەوڵەتی تورک بە سەدان چەتەی تری بۆ ئازەربایجان نارد

لە کاتێکدا، هەوڵەکان بۆ ئاگربەست لە ئارتساخ بەردەوامە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٣٠٠ چەتەی دیکەی بۆ گوڕکردنی شەڕ ناردووەتە ناوچەکە.

بەپێی هەواڵیکی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، کاری گواستنەوەی چەتەکان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆ ئازەربایجان بەردەوامە.

بە گوێرەی هەواڵەکە، لە دواییان هەوڵەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ گوڕکردنی شەڕ لە ناوچەی ئارتساخ، ئەمجارە ٣٠٠ چەتەی دیکەی گرێدراوی خۆی لە سوریاوە گواستووەتەوە بۆ ئەو ناوچەیە.

هەواڵەکە ئاماژە بەوەدەکات، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک تا ئێستا دوو هەزار و ٣٥٠ چەتەی گرێدراوی خۆی ڕەوانەی ئازەربایجان کردووە بۆ بەشداری لە شەڕی ئارتساخ و پشتیوانی لە سوپای ئازەربایجان.

جێگای ئاماژەیە، تا ئێستا دوو ئاگربەست بە ناوبژیوانی ڕوسیا و ئاگربەستێکی دیکەش بە ناوبژیوانی ئەمریکا لەو ناوچەیە ڕاگەیەندراوە، بەڵام هێشتاش شەڕ لەو ناوچەیە بەردەوامە و هەردوولا یەکتر بە پێشلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.

ف.ق