'دەوڵەتی تورک بووەتە مەترسی لەسەر گەلانی ناوچەکە'

د.تۆرۆس کۆرکماز دەڵێت، دەوڵەتی تورک بەر لە ١٠٠ ساڵە لە سەر بنەمای نکۆڵی لە کەمەنەتەوە و کورد دامەزراوە و بێ پچڕان سیاسەتی قڕکردنی پەیڕەوکردووە و بەهۆی سیاسەتەکانی چەند ساڵی رابردوویەوە بووەتە دەوڵەتێکی مەترسیدار.

١٠٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی تورک تێپەڕ دەبێت، لەماوەی ئەو سەد ساڵەی رابردوودا دەستبەرداری سیاسەتی قڕکردن و پاکتاو نەبووە. لە زانکۆی زوریخ مێژووناس، توێژەر-نوسەر د. تۆرۆس کۆرکماز لە سەر ئەو بابەتە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

تۆرۆس کۆرکماز باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورک لە سەر میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دامەزراوە و درێژەی بە سیاسەتەکانی ئیحاد تەرەقی داوە کە لە ساڵی ١٩٠٨ و دوای ئەوەی هاتنە سەر حوکم دەستیان بە جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکدەستکردن، تواندنەوەی کولتوری و سەپاندنی نەتەوەپەرستی تورک بە سەر گەلانی هەرێمەکەدا کرد.

جەختیشی کردەوە شەپۆلی نەتەوەپەرستی لە عوسمانیەوە دەستیپێکرد و لە رێگەی کۆماری تازە دامەزراوەوە لە ساڵی ١٩٢٣ درێژەی پێدرا. ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆمارەی کە عوسمانییەکانی رەتدەکردەوە، بە هەمان شێوەی ئیمپراتۆری یەکدەستکردن، تواندنەوەی کولتوری و نەتەوەپەرستی تورکی کردە ئایدۆلۆژیای فەرمی کۆمار.

روونیشی کردەوە، "کۆماری تورک لە پاڵ نەتەوەپەرستی، پێودانگی مسوڵمانێتیشی بۆ فەرمانڕەوایی بە بنەما گرت و بەم جۆرە سەنتەزی تورک-سوننە-ئیسلامی هاتە ئاراوە. ئەمەش سیاسەتێکی دەوڵەت بوو کە لە رووی نەژادییەوە تورک، لە رووی ئایینیەوە مسوڵمانی سوننەی دەکردە چینی باڵادەست. ئەو سیاسەتەی دەوڵەت لە سەد ساڵی رابردوودا باڵادەستبوو، هێشتاش بەرکارە".

تۆرۆس کۆرکماز هێمای بۆ ئەوەش کرد کە رێگەی سازکردنی پەیوەندی ئەرێنی دەوڵەتی تورک لەگەڵ کوردان بە سەرلەنوێ دانانەوەی مێزی ئاشتی مسۆگەر دەبێت و بۆ ئەوەش دەبێت "لەگەڵ سەرۆکی شکۆمەندی بزوتنەوەی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیوەندی ساز بکەن، بە هەزاران نوێنەری سیاسەتی دیموکراتیک کە بە شێوەی ناڕەوا زیندانی کراون، ئازادبکرێن،  ئەو کەسانەی ناچاربوون وەک پەنابەر رووبکەنە دەرەوەی وڵات بتوانن لە توریا بە شیوەیەکی ئازاد سیاسەتی دیموکراتیک بەڕێوەببەن، ئەو شارەوانیانەی قەیومیان بۆ دانراوە بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنە راستەقینەکانی. بەڵام رژێمی هەنوکەیی لە بری ئەوە لەم بوارەدا هەنگاو بنێت لە هەوڵی ئەوەدایە کە لەسەر دەستی نوێنەری سیاسی حزبوڵا واتە هوداپار هەڕێمی کوردان پەرت و دابەش بکات. بۆردومانی رۆژئاوا دەکات و دەبێتە مایەی مردنی بە دەیان مەدەنی".

کۆرکماز لە بەشێکی دیکەی قسەکانی ئەوەی خستەڕووم کە تورکیا لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا لە رووی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییەوە پاشەکشێی کردووە و لەلای وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دراوسێ بووەتە دەوڵەتێک کە ناتوانرێت متمانەی پێبکرێت و "ئازادی رامان، راگەیاند و ئەکادیمیا لەناوبراوە. هەر بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانە لە دەسەڵات بە تاوان دادەنرێت و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادو و جێبەجێکردن نەماوە. تورکیا بە گشتی لە نیانی ٢٠١٧ەوە پەڕیوەتەوە بۆ رژێمێکی تاکەکەسی. جگە لە سیاسەتی دیموکراتیکی کورد، پارتە سۆسیالیستەکان، چەپەکان و دامەزراوەکانیان هەموو هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی سنوورەکانی دەسەڵاتدا سیاسەت دەکەن. لەبەر ئەوەش پەیماننامەی ئیستەنبوڵ هەڵوەشێندرایەوە و کەشێکی سیاسی لە دژی یەکسانی نێوان ژن و پیاو خوڵقێندرا.

ئەوەشی خستەڕوو، "جگە لە سوننە-ئیسلامی گوشار لە سەر هەموو ئایینەکانی دیکە هەیە و بە دەستوەردانەکانی لە بەرنامەی ئایینی پەروەردەش مەترسی بۆ سەر لائیکی دروست کردووە".

ئەو مامۆستایەی زانکۆی زوریخ لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە دەوڵيتی تورک بۆ خۆرزگاکردن لەو قەیرانانەی تێی کەوتووە هەوڵ دەدات سەرلەنوێ خۆی لە وڵاتانی رۆژئاوایی نزیک بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو وڵاتانە تورکیا بە وڵاتێک دادەنێن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن. تورکیا جگە لەگەڵ ئازەربایجان پەیوەندی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دراوسێ نییە کە لە سەر بنەمای متمانە بونیادنرابێت. تا ئاکەپە-مەهەپە لە سەر حوکم بن وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی جیهان متمانەیان بە تورکیا نابێت، بە جەختکردنەوە لەوەی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، وتی، "یەکەم هەنگاوی هاتنەئارای سیاسەتێکی یەکسانی گەلان لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رووخان و کەوتنی دەسەڵاتی فاشیستی جەمسەری ئاکەپە-مەهەپە دەستپێدەکات".

هـ . ب