دەوڵەتی تورک دەرمان بە بەهار ئولوگ زیندانیی نەخۆش نادات!

بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لە زیندانی ژنانی شاکران لە ئیزمیر دەرمانەکانی زیندانیی نەخۆش بەهار ئولوگ نادەن و ڕێگە نادەن پێداویستییەکانی بۆ دابین بکرێت.

لە زیندانی ژنانی شاکران لە ئیزمیر گوشار و زۆرداریی سەر بە زیندانیان لە زیادبووندایە. بەهار کاراکاش ئولوگ، کە لە ١١ی ئاب لە زیندانی ئەدیرنە دوورخرایەوە بۆ زیندانی ژنانی شاکران لە ئیزمیر، ڕۆژی دووشەممە لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوژینەکەیدا باسی پێشێلکارییەکانی زیندانەکەی کرد.

'سیاسەتی گۆشەگیری دەسەپێنن'

ئولوگ ڕایگەیاند، سیاسەتی گۆشەگیریی جێبەجێ دەکرێت و دەسەپێنرێت و وتی: "پێداویستییەکانی وەک تەلەڤزیۆن و ساردکەرەوە و کتێب بە زیندانییەکان نادرێت، هەرچەندە لە هەر قاوشێکدا ٢٣ کەس هەیە، بەڵام ڕێگەمان پێنادرێت بە دڵی خۆمان و وەک پێویست بڕۆینە قاوشەکەوە. ئەژمارکردنی رۆژانەمان بەسەر پێوە ڕاوەستان بووەتە شتێکی هەمیشەیی، ئێمە زیادکردنی گوشارەکان قبوڵ ناکەین".

"ئەوان دەرمانەکانی نەخۆشی بە هاوسەرەکەم نادەن و دەنگی باش نەبوو"

محەمەد ئولوگ وتیشی: هاوسەرەکەی سەرباری ئەوەی ڕاپۆرتی پزیشکیی هەیە، بەڵام دەرمانەکانی پێ نادەن و وتی: "کاتێک هاوسەرەکەم دەرمانەکانی پێنادرێت ئیدی نەخۆشییەکەی قورس دەبێت و ئارامی و ئاسوودەیی نامێنێت، هیچ یەک لە پێداویستییەکانی دابین ناکرێت، دەنگی باش نەبوو، چونکە هوسەرەکەم دەرمانەکانی پێنادرێت".

ئولوگ ئەوەشی وت، نیگەرانن و وتیشی: "لەبەر ئەوەی تازە دووخراوەتەوە بۆ زیندانی شاکران دەیانەوەێت چاوترسێنی بکەن. من بۆ ماوەی ١٠ خولەک بە تەلەفون لەگەڵ هاوسەرەکەم دا قسەم کرد، دەنگی باش نەبوو. کاتێک ئەوان دەچەوسرێنەوە و زوڵمیان لێدەکرێت ئێمەیش نیگەران دەبین. کاتێک هاوسەرەکەم دەرمانەکانی پێنادرێت، دەزانم دەکەوێتە چ بارودۆخێکەوە  و دەترسم هەوڵی خۆکوشتن بدات. من داوا لە پارێزەران و کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەکەم لەسەر ئەو شتانە بێنە دەنگ".

ژ.ت