دەوڵەتی تورک دۆسیەکی لە دژی پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە کردەوە

پەروین بووڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە یەکەم دانیشتنی دادگای کوشتنی دەنیز پۆیراز دا بە بکوژی وتبوو، بکوژ و لەبەر ئەوە دەوڵەتی تورک بە پاساوی "وتە و رەفتاری بۆ سوکایەتی پێکردن نیشانداوە" دۆسیەیەکی لە دژی کردەوە.

یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی ئۆنور گەنجەر بکوژی دەنیز پۆیراز لە ٦هەمین دادگای باڵای تاوانەکانی بایراکلیی ئیزمیر بەڕێوەچوو. داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک بە تۆمەتی ئەوەى پەروین بووڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە دادگاکەدا "وتە و رەفتاری بۆ سوکایەتی پێکردن نیشانداوە" سکاڵایەکی بۆ لێپێچینەوە لە دژ تۆمار کرد.

هەروەها سکاڵا لە دژی ئەو کەسانەش تۆمار کرا، کە دیمەن و وێنەی دانیشتنەکەى دادگایان تۆمار کردبوو.

بووڵدان چیی وتبوو؟

پەروین بووڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە دانیشتنەکەى دادگادا لە بەرامبەر هەڵوێستی نەرمی سەرۆکی دادگا بەرامبەر ئۆنور گەنجەری بکوژ وتی: "ئەو کەسە لە منبج پەروەردە و راهێنانی پێکراوە. ئەندامی داعشە. ئێوە ناتوانن ئەوەندە بە ئارامی و بە ئاسوودەیی رەفتاری لەگەڵ بکەن. دەبێت ئێوە وەک بکوژێک لەگەڵ ئەو کەسەدا مامەڵە بکەن".

ئۆنور گەنجەر چەتەیەکی بکوژە، کە ژمارەیەکی وێنەشی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەتی تورک لەوانە سولەیمان سویلو وەزیری ناوخۆ و خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری و هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت) دا بڵاوکرابوویەوە.

ئەو چەتە بکوژە لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە هێرشی کردە سەر بارەگای هەدەپە و دەنیز پۆیراز خەباتکاری هەدەپەی لە بارەگاکەی هەدەپەدا کوشت. ئەو بکوژە هێرشەکەى بە هاوکاریی چەند کەسێکی تری فاشیست ئەنجامدا بوو.

ژ.ت