دەوڵەتی تورک دوای شکستەکەى گارە لە سپارتا دەستیکردووە بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان

دەوڵەتی تورک لە زیندانی جۆری ئیی سپارتا لە دوای هێرشی داگیرکەری بۆ سەر گارە، دەستیکردووە بە ئەشکەنجەى زیندانیان.

پارێزەر رەمەزان داڵچیچەک رایگەیاند، لە ٢٤ی شوبات دا لەگەڵ موەکیلەکانی یڵماز ئای، ئیسماعیل گۆچەری و جەنگیز ئاک کایا قسەى کردووە، کە لە زیندانی جۆری ئیی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە سپارتا زیندانیکراون.

دالچیچەک رایگەیاند، سەرباری ئەوەى لە زیندانەکاندا بۆ ژماردن، زیندانیان بەسەر پێوە راناگیردرێن، بەڵام لە دوای هێرشەکەى سەر گارە لەو زیندانەدا ژماردنی زیندانیان بە پێوە بەسەر زیندانیەکاندا سەپێندراوە و بە زۆر زیندانیەکان ناچاریان دەکەن بە پێوە راوەستن تاوەکو ژماردنەکە تەواو دەبێت.

دالچیچەک باسی ئەوەیکرد، پاسەوان و بەرپرسانی زیندانەکە بە زۆر زیندانیان ریز دەکەن و لەسەر پێ رایاندەوەستێنن و هەر زیندانییەکەش ناڕەزایەتی نیشان بدات، ئەشکەنجەى دەکەن.

ئەو پارێزەرە راشیگەیاند، سکاڵایان لە دژی ئەو رەفتارە و هەروەها لە دژی ئەشکەنجەدانی موەکیلەکانی تۆمار کردووە و دەنگی زیندانیەکانی بە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و رێکخراوە جەماوەرییەکان گەیاندووە.

ژ.ت