دەوڵەتی تورک لە ٢٠١٩ەوە ١٤ ڕۆژنامەوانی شەهید کردووە

دەوڵەتی تورکی فاشیست بە هێرشەکانی لەسەر ڕۆژنامەوانان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا لە باشووری کوردستان و هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تا ئێستا ١٤ ڕۆژنامەوانی شەهید کردووە و هەروەها حەوت ڕۆژنامەوانیش بریندار بوون.

تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوان

ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە لە یەکەم ڕۆژی بەردەوامی هێرشەکانەوە بەدواداچوون و ڕاپۆرت لەسەر پێشهاتەکان دەکەن، لە بەرانبەردا دەوڵەتی تورک بە بێ گوێندانە هیچ یاساییەکەی نێونەتەوەی کە جەخت لە 'پاراستنی گیانی ڕۆژنامەوانان دەکەنەوە' بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یان بۆردوومان و تیرۆرکردنەوە کراونەتە ئامانج، هەرچەند پێشتریش بە هاوکارییکردنی داعش تاوانباری شەهیدکردنی ڕۆژنامەوانە، لێ لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە دەستیکردووە بە هێرشێکی بەرفراوان بۆسەر ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندنی ئازاد، تا ئێستاش ٢١ ڕۆژنامەوانی بەئامانج گرتووە.

ئاماری هێرش و شەهیدکردن و بریندارکردنی ڕۆژنامەوانان بەمجۆرەیە:

لە ١١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: ڕۆژنامەنووس وەدات ئەردەمچی لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سەرێکانی شەهیدبوو.

لە ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: لە بۆردوومانی سەرێکانیدا، سەید ئەحمەد، پەیامنێری ئاژانسی هاوار و محەمەد حسێن ڕێشۆ، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی چرا شەهیدکران.

لە ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: دلۆڤان گەڤەر لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەوان لە گرێ سپی شەهیدکرا.

لە ٢٠١٩: زیزیس سینکێ، ئەندامی چاپخانەی فری بۆر مەرینجر لە بۆردوومانی تەلتەمر شەهید کرا.

لە ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢: ناگیهان ئاکارسەل، ژنە ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەر لە سلێمانی تیرۆر کرا.

لە ١٩ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢: پەیامنێری ئاژانسی هاوار، عیسام عەبدوڵا لە هێرشی ئاسمانی لە دێرک شەهید کرا.

لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٣: ئۆتۆمبێلی ژن تیڤی لەسەر ڕێگای قامیشلۆ-عاموودا بۆردوومان کرا، لە هێرشەکەدا، نەجمەدین فەیسەل ئەلحەج سینان، کارمەندی کەناڵی ژن تیڤی شەهیدکرا و پەیامنێرێکی هەمان دەزگاش بە ناوی دەلیلا عەگید بریندار بوو.

لە ٨ـی تەموزی ٢٠٢٤: هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر ئەو ئۆتۆمبێلەی کە کارمەندانی تەلەفزیۆنی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێمیان تێدابوو کە لە شنگال بەدواداچوونیان بۆ هەواڵەکان دەکرد، مراد میرزا پەیامنێری چرا ئێف ئێم کە لە بۆردوومانەکەدا بریندار بوو، لە ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٤ شەهیدبوو، هەروەها ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی چراتیڤی برینداربوو.

لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤: ئۆتۆمبێلێکی سەر بە کۆمپانیای چەتر بۆ وەبەرهێنانی میدیایی لەگەڵ تیمەکەیان لە ناوچەی سەیدسادق لە سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرانە ئامانج، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ڕۆژنامەوان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبون و پێنج ڕۆژنامەنووسیش برینداربوون.

لە ١٩ـی کانوونی یەکەم ٢٠٢٤: ڕۆژنامەوان نازم داشتان و جیهان بیلگین کە بە دواداچوونیان بۆ پێشهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرد، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سرین شەهیدکران.

لە ٢٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییانی مەدەنی لە نزیکی گوندی گردجان لە شارەدێی چوارقوڕنەی سەربە ئیدارەی ڕاپەڕین کرد، بە هۆیەوە ڕۆژنامەنووس “عەزیز کۆیلوئۆغلو” شەهیدبوو.

ئەم ئامارانەش پێمان دەڵێت دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەر بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوان لە جەنگدا بەردەوام ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندنی ئازادیی بە ئامانج گرتووە، بە ئامانجی ئەوەی ڕاستی کۆمەڵکوژییەکانی لە ڕایگشتی جیهان بشارێتەوە و پیلانە چەپەڵ و داگیرکارییەکانی جێبەجێبکات بە هاوکاری هێڵی خیانەتی ناوخۆیی.