دەوڵەتی تورک لەیلا گیوڤەن و دەوڵەتی ئەڵمانیاش مستەفا توزاکی زیندانیکرد

مستەفا توزاک چالاکوانی کورد لەلایەن دادگای باڵای میونخ-ەوە بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. توزاک بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی لە چالاکیی مانگرتن دا بوو.

چالاکوانی کورد مستەفا توزاکی پەنابەر لە ئەڵمانیا، بە پاساوی خاڵی (١٢٩ ب) لە یاسای سزاکانی ئەڵمانیا و لەلایەن دادگای باڵای ویلایەتی میونخەوە بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. دوای ئەوەى دادگا لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا بڕیاری زیندانیکردنی بۆ توزاک دەرکرد، توزاک دەستگیرکرا و رەوانەى زیندان کرا.

داواکاری گشتیی میونخ، کە بە لێپرسینەوەکانی لە دژی چالاکوانی کورد لە ئەڵمانیا دەناسرێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیدا بانگەشەى ئەوەی کردووە، مستەفا توزاک لە نێوان حوزەیرانی ٢٠١٩ و ئایاری ٢٠٢٠ دا بەرپرسیاری "ناوچەى ئولمی پەکەکە" و "ناوچەى میونخ / باڤاریای باشوور" بووە.

بەشداریکردن لە چالاکییەکاندا بە تاوان ئەژمار کراون

داواکاری گشتیی میونخ بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیە پشتی بە چاودێرییە تەکنەلۆژییەکانی پۆلیسی ویلایەتەکانی باڤاریا و بادن – ڤورتمبێرگ بەستووە، کە توزاک بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی دۆرتموند، دویسبورگ و چەندین شاری تردا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان کردووە و ئەوانەش وەک "تاوان" بۆ توزاک ئەژمار کراوە.

هەروەها بەشداریکردنی مستەفا توزاک لە چالاکیی پشتیوانی بۆ ئیدانەکردنی سزای سەر چالاکوانانی پارتى کۆمۆنیستى تورکیا / مارکسیست - لنینیست (TKP/ML) لە میونخ و سەردانی توزاک بۆ لای زیندانیانی کورد لە زیندانی ستامهایم بە تاوان نیشان دراوە.

داواکاری گشتیی میونخ هەروەها سەردان و رۆیشتنی توزاکی بۆ پرسە و سەرەخۆشی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کوردێکی خاوەن نووسینگەى خانووبەرە بە تاوان نیشانداوە و بەو پاساوانە مستەفا توزاکی چالاکوانی کورد تاوانبار کراوە و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاندووە.

یەکێک لە چالاکوانانی مانگرتنی بێسنوور بوو

مستەفا توزاک بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەشداریی لە چالاکیی مانگرتنی بێسنووری ساڵی ٢٠١٨دا کرد، کە بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) بەڕێوەچوو و تاوەکو ئایاری ٢٠١٩ بەردەوامیی هەبوو.

توزاک لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەگەڵ ٤ چالاکوانی تری کورد ماوەى ١٣٤ رۆژ لە چالاکیی ماگرتنی بێسنووردا بوون و لە ٢٦ی ئایاری ٢٠١٩دا لەسەر پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە لە دوای تێکشاندنی گۆشەگیریی ئەو ساڵە، لە رێگەى پارێزەرەکانیەوە بۆ مانگرتوانی ناردبوو، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. توزاک کێشی بۆ ٤٤ کیلۆ دابەزیبوو و لەسەر جەرگی گرێ دروستبوو بوو و بەو هۆیەوە ماوەیەک لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێریدا بوو.

دەوڵەتی تورک گیوڤەن و دەوڵەتی ئەڵمانیاش توزاکی زیندانیکرد

دەوڵەتی تورک رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ بە چەند پاساوی بێ بنەمای هاوشێوەی پاساوەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا، سزای ٢٢ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیی بەسەر لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کەجەدە دا سەپاند. هاوکات دەوڵەتی ئەڵمانیاش بە پاساوە بێ بنەماکانی داواکارێکی گشتی و بەو هەموو بانگەشەیە بۆ ئازادیی سیاسی و رادەربڕین لەو وڵاتەدا دەیکەن، چالاکوانی کورد مستەفا توزاک-یان زیندانیکرد.

ژ.ت