دیسان رێگە نەدرا بنەماڵەی شەنیاشار بچنە ناو وەزارەتی دادەوە

ئەمینە شەنیاشار کە بنەماڵەکەی لەلایەن ئاکەپەییەکانەوە کۆمەڵکوژکران و لەبەردەم وەزارەتی داد درێژە بە ئێشکگری دەدەن، بە بیانووی ئەوەی "وەزیر لێرە نییە" جارێکی دیکە رێگەیان پێنەدرا بچنە ناو بینای وەزارەتی دادەوە.

ئێشکگریی دادپەروەری بنەماڵەی شەنیاشار لە ئەنقەرە لە رۆژی ٣٦ەمیندا بەردەوامە. ئەمڕۆ سەرۆکی کۆمەڵەی دەستپێشخەری ماف فاتمە بۆستان ئونسال سەردانی ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کرد کە لەبەردەم دەرگای دیکمەنی پەرلەمان کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیان ساز کرد.

فاتمە بۆستان ئونسال لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا قسەی کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ بنەماڵەی شەنیار دەبن، چیان لەدەستبێت لەگەڵ بنەماڵەکە و لە پێناو دادپەروەریدا دەیکەن.

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز فەرید شەنیاشاریش بە بیری هێنایەوە کە ٣٦ رۆژە لە ئەنقەرە درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن و دەستبەرداری تێکۆشانی خۆیان لەپێناو دادپەروەری نابن و بەردەوام دەبن.

دوای کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکە ئەمینە شەنیاشار کە بە هۆی نەخۆشیەوە لە سەر کورسی نەخۆشەکان رێیدەکرد، لە گەڵ فەرید شەنیاشار و فاتمە بۆستان ئونسال بەرەو بینای وەزارەتی داد رێپێوانیان کرد.

لەگەڵ گەیشتنیان بە بیناکە داوایان کرد چاویان بە وەزیری داد یڵماز تونج بکەوێت، بەڵام کارمەندانی وەزارەتەکە بە پاساوی ئامادەنەبوونی وەزیر رێگەیان نەدا بنەماڵەی شەنیاشار بچنە ناو بینای وەزارەتی داد و بنەماڵەکەس پاش ماوەیەک چاوەڕوانی بەرەو پەرلەمان گەڕانەوە.

ژ.ن