دەزگای هەواڵگریی سویسرا: تورکیا رۆڵی سەرەکی بۆ داعش دەگێڕێت
دەزگای فیدراڵی سویسرا لە راپۆرتی ئاسایشی ٢٠٢٠یدا رایگەیاند، تورکیا بۆ داعش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت و رایگەیاند، "پەکەکە لە ئەوروپا بەردەوامی بە سیاسەتی دوور لە توندوتیژی دەدات".
دەزگای فیدراڵی سویسرا لە راپۆرتی ئاسایشی ٢٠٢٠یدا رایگەیاند، تورکیا بۆ داعش رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت و رایگەیاند، "پەکەکە لە ئەوروپا بەردەوامی بە سیاسەتی دوور لە توندوتیژی دەدات".
سەرکان دەمیرەڵ – بێرن
دەزگای هەواڵگریی فیدراڵی سویسرا (SRC) راپۆرتی ئاسایش و دۆخی ٢٠٢٠ی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا لە بارەی ئەردۆغانەوە هاتووە، "ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەرباری سیاسەتە هێرشبەرەکانی بۆ دەرەوە پشتیوانیی لێدەکرێت" و رایگەیاند، ئەردۆغان سەرباری ئەوەى هەموو رێگاکان و دەسەڵاتەکانی خستووەتە دەستی خۆی، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە قەیرانی ئابووری چارەسەر بکات.
هەروەها راگەیاندراوە "ئیدی لە تورکیا پشتوانیکردن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر سوریا و عێراق نامێنێت".
تورکیا لە رۆژئاوا دیمۆگرافیا دەگۆڕێت
لەبارەی سیاسەتی ئیمپریالیستیی تورکیا لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "تورکیا لە هەرێمی باکووری سوریا، ئەو ناوچانەى کە خستونیتییە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، هەوڵ دەدات پەنابەرانی عەرەبی سوریایان تیادا نیشتەجێ بکات. هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە بگۆڕێت، کە لایەن کوردەکانەوە بە ناوچەى خۆبەرێوەبەر راگەیاندرابوون".
دۆخی ئابووری تورکیا خراپتر دەبێت
لەبارەی داهاتووی تورکیاوە لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "نیشاندانی هێز لەلایەن تورکیاوە بە شێوەی چاوبرسییانە و تەماعکارانە و قەیران لە سیاسەتی ناوخۆی تورکیادا بەردەوامیی هەیە و دۆخی ئابووریش خراپتر دەبێت".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، "تورکیا بۆ ئەوەى بتوانێت پەکەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، کە بە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر خۆیی دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە دەستێوەردانە سەربازییەکانی لە سوریا و عێراق".
"تورکیا رۆڵی سەرەکی بۆ داعش دەگێڕێت"
لە بارەی تیرۆری جیهادییەکانەوە راگەیاندراوە، داعش هێشتا لە زۆرێک لە ناوچەکان و سویسرا و لە ئەوروپاش هەڕەشە و مەترسییە.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان تورکیا و داعش ئاماژە بەوەکراوە، داعش تۆڕی نێونەتەوەیی هەیە و تورکیا لەو رووەوە و بۆ گواستنەوە و پەڕینەوەى چەتەکانی داعش و چوونیان بۆ ناوەوە (تورکیا)، رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، "تورکیا هەروەها وەک ناوچەی ترانزێت و کشانەوە بۆ داعش رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. زۆر جار ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە، کە نوێنەران و بەرپرسانی داعش زۆربەی کاتەکان لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دەستگیرکراون، یان کوژراون.
"پەکەکە لە ئەوروپا خۆی لە توندوتیژی بەدوور دەگرێت"
لە راپۆرتەکەدا لەبارەی خەباتی پەکەکە لە ئەوروپا هەندێک خاڵ خراونەتەڕوو و تیایدا هاتووە، "سەرباری دۆخی ئاڵۆز و قەیرانەکان، پەکەکە لە ئەوروپا پراگماتیستیانە دەجوڵێتەوە. پەکەکە بۆ ئەوەى بەو ئامانجە بگات، کە لە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپا دەربهێنرێت خۆی لە توندوتیژی بە دوور دەگرێت. لە ئەوروپا لە نێوان خۆپیشاندەرانی کورد و هێزە ئەمنییەکاندا تەنها هەندێکجار پێکهەڵپژان روودەدات. بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا و لەو رووداوانەدا، کە زیان بە ماڵ و موڵکی گشتی گەیشتووە، ئەو کارانە لەلایەن گروپە چەپە رادیکاڵەکانەوە روویداوە. بەڕێوەبەرانی کورد لە سویسرا رێگا نادەن، کە شێوازی توندوتیژانە بەکار بهێنرێت و هەوڵ دەدەن ناڕەزایەتی و پرۆتیستۆکان بە شێوەیەکی ناتوندوتیژیانە بەرێوەبچن.
پەکەکە بۆ ئەوەى وێنای خۆی لە ناوچانەدا کە تیایاندا چالاکە بەردەوامی پێ بدات، هەوڵ دەدات زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی نەگات. ئەو گەشتیارە ئەوروپییانەى کە دەڕۆن بۆ تورکیا لەلایەن پەکەکەوە ناکرێنە ئامانج و هێرشیان ناکرێتە سەر. پەکەکە لە داهاتووشدا چالاکییەکانی لە ئەوروپا بە شێوەی بەدوور لە توندوتیژی درێژە پێدەدات".
ژ.ت