فێڵەکانی ئاکەپە: دزی، گواستنەوە، بە یەککردن، ئەو دەنگدەرانەی بوونیان نییە...

دەسەڵاتی ئاکەپە سەرەڕای دزینی دەنگەکان دەنگدەرانیش دەگوازێتەوە و سندوقەکانی دەنگدانیش دەکات بە یەک و ناونیشانیان نییە و دەنگدەریان هەیە! ئاکەپە لەو ڕیگەیەوە لە هەڵبژاردنەکاندا چەندین فێڵ دەکات.

ئاکەپە کە لە ۳ی تشرینی دووەمی ۲۰۰۲ەوە ٧ هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمان) و ٤ هەڵبژاردنی ناوخۆیی (شارەوانییەکان) و ٣ ڕیفراندۆمی ئەنجامداوە، لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بە تایبەتی لە کوردستان هەڵمەتی فێڵ و ساختەکاریی ئەنجام داوە. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی بە وتەی 'هەڵبژاردن تەنها لە سندوقەکانی دەنگداندا سەرناکەوێت' وەسف کرد. بۆ ماوەی ٢١ ساڵە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئاشکرا ئەنجام دراوە، بەتایبەتی لە شارە کوردییەکان دا.

دەنگدەرانی وان براون بۆ هەڵبژاردنەکانی ئیستەنبوڵ

ئاکەپە هەموو ڕێگایەکی بەکارهێناوە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئیستەنبوڵ. دەنگدەرانی زۆرێک لە شارەکان براون بۆ ئیستەنبوڵ. بەپێی زانیارییەکانی فڕۆکەخانەی فەرید مەلەن لە وان، بەبێ هیچ هۆکارێک لە ڕۆژێکدا ٢ گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراونەتەوە و نیوەشەو کاتژمێر ٠٣:٠٠ فڕۆکەیەک بۆ گەشت بۆ ئیستەنبوڵ ئامادەکرا. بەوەش ٢٠٠ کەس، کە پێشتر ناویان لە ئیستەنبوڵ بۆ دەنگدان تۆمار کرابوو گواستراونەوە بۆ ئیستەنبول. کایهان تورکمەن ئۆغڵو سەرۆکی ئاکەپە لە وان سەرکردایەتیی ئەو گەشتەی فڕۆکەکەی کرد. ئەوە ڕوون بووەتەوە، کە ئاکەپە لە ٨١ شارەوە دەنگدەرانی بردووە بۆ ئیستەنبوڵ و تێچووەکانیان لەلایەن ئاکەپەوە دراوە.

تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران لەو ناونیشانەدا، کە بوونیان نییە

تۆماری هەڵبژاردنی بنەماڵەی دەمیر، کە لە بوومەلەرزەکەی وان ماڵەکەیان وێران بوو و لە کالەجیک تۆکی نیشتەجێ ببوو، تۆمارەکەیان سڕاوەتەوە و تۆماری کەسانی نەناسراویان بۆ دروستکراە. کەمالەدین دەمیر وتی: "دوای بوومەلەرزەکە، ڕوون نەبوو لە کوێ دەنگ دەدەین، کاتێک چووم بۆ بەڕێوەبەرایەتی دانیشتوان، بۆم دەرکەوت، کە خەڵکی جیاواز و کەسانی تر لە ناونیشانەکەی ئیمەدا تۆمار کراون". دەمیر ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەوە نیشاندا و ڕایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکەی وان، زۆرێک لە ماڵەکان چۆڵکراون، بەڵام وەک ئەوەی خەڵکیان تیادا بێت، تۆماری دەنگدانیان بۆ دروستکراوە.

دەنگدەران لە ناوەندی وان گواستراونەتەوە بۆ ناوچەکان

ئاکەپە، کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە شارە کوردییەکاندا شکستی هێنا، دواتر بە داسەپاندنی قەیوم دەستی بەسەر شارەوانییەکاندا گرت، لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣١ی ئازاردا قورسایی خستەسەر کاندیدکردنی پێشنوێژەکان، جاش و جەردەوانەکان و سەرمایەدار و دەوڵەمەندانی سەر بە خۆی و هەوڵی دا لەو ڕیگەیەوە سەربکەوێت. یەکێک لەو کاندیدانە سەرۆک جاشێک بوو بە ناوی  عەبدولڕەحمان شەیلان. شەیلان ناوی ٢ هەزار و ٥٠٠ دەنگدەری لە گەڕەکی فرات لە ناوچەی ئێدرێمیت گواستەوە بۆ ناوچەی شاخ!.

هەروەها عەبدولڕەحمان شەیلان جاش و جەردەوانەکانی وەک ئامرازێکی فشار و هەڕەشە لە دژی دەنگدەران بەکارهێناوە و سندوقەکانی دەنگدانی ڕادەستی جاش و جەردەوانەکان کرد.

هەموو سندوقەکانیان کردبوو بە یەک

پێش هەڵبژاردنەکانی ۲٤ی حوزەیرانی ۲۰۱۸، پارێزگارەکانی ۲۰ پارێزگا داوایان لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد، کە شوێنی  هەندێک لە سندوقەکانی دەنگدان بگۆڕن، یان لەگەڵ سندوقەکانی تردا بیانکەن بە یەک. دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەو داواکارییەی پەسەند کرد. لەبەر ئەوەش لە وان، دێرسیم، شرنەخ، سێرت، مێردین، قەرس، جۆلەمێرگ، ئەرزرۆم، ئەرزینجان، خارپێت، ئامەد، بەدلیس، چەولیگ، ئێلح و ئاگری ٤٠ هەزار دەنگ لە سندوقە بە یەک کراوەکاندا بەکارهێنران.

لە دەرەوە بە فەردە دەنگ هێنرا

ئاشکرا بوو، کە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی ۲۰۰۹ لە ئاگری بە فەردە لە دەرەوە دەنگیان هێناوە. ئاکەپە ڕایگەیاند، بە زیاتر لە ٢٠٠ دەنگ هەڵبژاردنەکەی بردووەتەوە. پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەپە) تانەی لە ئەنجامەکە دا، بەڵام دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان تانەکەی ڕەت کردەوە. کاتێک خەڵکی ئاگری لەبەردەم دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان ڕێکخست، پۆلیس هێرشی کردە سەر گەل. لە ڕووداوەکەدا ٧ کەس بریندار بوون و ٦٥ کەسیش دەستگیرکران.

ژمارەی دەنگەکان لە ژمارەی دەنگدەران زیاتر بوو!

لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە ناوچەی خۆزاتی لە دێرسیم ٩ کەس لە سندوقێکدا دەنگیان دابوو، بەڵام ٨٥ بەرپرس و کارمەند دەنگیان تیادا دابوو!. لە ناوچەی ئەلکێ لە شرنەخ ژمارەی دەنگدەران لە سندوقێکی دەنگدان دا ۱۰ کەس بوو، بەڵام ۱۸ بەرپرس و کارمەند دەنگیان تیادا دابوو. لە ناوچەی شاخ لە وان لە سندوقێکی دەنگدان دا ٢٨ کەس دەگیان دابوو، بەڵام ٢٦ بەرپرس و کارمەند دەنگیان تیادا دابوو. لە ناوچەی نۆرشین لە وان، ژمارەی دەنگدەرانی سندوقێک ٢٩ دەنگدەر بوو، بەڵام ٤٩ بەرپرس و کارمەند دەنگیان تیادا دابوو.

پێش دەنگدان پسوڵەی مۆرکراوی دەنگدان دۆزرایەوە!

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ۲۰۱٤ کاتێک خەڵک سەرلەبەیانیی لە بەدلیس ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد، پسووڵەی دەنگدانیان دۆزییەوە، کە بە 'بەڵێ' بۆ ئاکەپە مۆر کرابوون. خانم یاردمجی، کە ڕۆیشتبوو بۆ بنکەی هەڵبژاردن لە قوتابخانەی ئامادەیی بەدلیس، کاتێک پسووڵەی دەنگدانی وەرگرت، بینیی، کە مۆر و ئیمزای بە بەڵێ بۆ ئاکەپە لە پسووڵەکەی دراوە، بۆیە نارەزایەتیی دەربڕی و داوای پێداچوونەوەی کرد.

بولبولی هەدەپەیی: فێڵی هەڵبژاردن تەنها دزینی دەنگەکان نییە

کەمال بولبول پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەنتاڵیا سەبارەت بە ساختەکارییەکانی ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکاندا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وتی، "ئەوەی پێی دەوترێت ئاسایشی هەڵبژاردن، گوایە تەنها وەک بە بەکارهێنانی دەنگەکان و ژماردنی دەنگەکان دەردەکەوێت، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، چونکا ئاسایشی هەڵبژاردن بارودۆخێکی تەواوی دیموکراسییە، ئازادی بیر و ڕامانە، یەکسانی، دادپەروەری، سەربەخۆیبوونی دەسەڵاتی دادوەری و مافی پڕوپاگەندەی یەکسانە."

کەمال بولبول دەڵێت: "ئەوانەی خەون بە ئەنوەر پاشاوە دەبینن، دەکەونە ژێر گڵ و دیوارەکان. کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوت، بەڵام ئاکەپە نەیدا".

ژ.ت