فەرید شەنیاشار: تا لەناوچوونی ستەم بەرگری دەکەین

فەرید شەنیاشار کە هاوشانی دایکی ئێشکگریی دادپەروەریی دەکەن، گوتی: "تا لەناوچوونی دەسەڵاتی ستەم تێدەکۆشین."

هاوسەر و دوو لە ڕۆڵەکانی ئامینە شەنیاشار کوژران، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشێکی خزمان و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕوحا خەلیل یەڵدز لە ١٤ ـی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە شارۆچکەی پیرسوس سەر بە ڕوحا. لە ئاکامدا، ئامینە و کوڕەکەی فەرید، لە ٩ ـی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە چالاکی «ئێشکگرتنی دادپەروەری» بەڕێوەدەبەن لەبەردەم دادگای ڕوحا، ئێستەش چالاکییەکە پێی ناوەتە ڕۆژی ٧٤٤ ـەوە.

لە شوێنی چالاکییەکە، لەبەردەم دادگای ڕوحا، فەرید شەنیاشار قسەی کرد و ئاماژەی بە لێدوانی وەزیری داد بەکیر بۆزداگ کرد سەبارەت بە خێزانەکەیان، گوتی: "کاتێک وەزیری داد دێتە ڕوحا، لە دەرگای پشتەوە دێتەژوور، وەزیر باش ئاگاداری دۆخی ئەم دایکەیە، بەڵام هەمان وەزیر کاتێک دەچێتە ئامەد بەناوی خێزانەکانی بەردەم هەدەپەوە دەجووڵێتەوە. ئەمە خودی جیاکاریی و فاشیزمە. هەموو ئەو کەسانەی بەرژەوەندییەک گرێی نەداون بەم دەسەڵاتەوە، پشتگیریی ئێمە دەکەن. ئێمەش تا لەناوچوون و بەزاندنی ستەم تێدەکۆشین."

لای خۆیەوە، ئامینە شەنیاشار ڕایگەیاند: "ناتوانین لە ماڵەوە ڕۆژوو بشکێنین، هەر کەسێک خاوەن ویژدان بێت دێتە ئێرە و لەگەڵ ئێمەدا ڕۆژوو دەشکێنێت، تا بەدیهاتنی دادپەروەری لێرە دەمێنین. پارساڵ، هەموو مانگی ڕەمەزانم لێرە بەسەربرد. شەش ساڵە، کوڕەکەم لە زیندانی تاکەکەسی دەستبەسەرە. ئایا دۆخمان نابینن؟ دەنگمان نابیستن؟ ئەرێ ئەوان کوێرن؟ دوو لە ڕۆڵەکانم و هاوسەرەکەم کوژران و کوڕەکەم خرایە زیندان، دەوڵەت و حکومەت و خەڵک ڕاستییەکە دەزانن، خێزانەکەمیان دابەشکرد. ئەوانەی خێزانەکەمیان کوشت بێ سزا و زیندان دەرباز بوون، دەمەوێت لەم جەژنەدا کوڕەکەم ئازاد بکرێت، دەمەوێت ئەم جەژنە کوڕەکەم ببینم."