فەیلەسوف ئەدگار مۆرین پشتیوانی لە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد

فەیلەسوفی ناوداری فەڕەنسی ئەدگار مۆرین رایگەیاند، پشتگیری لە بانگەوازی 'ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ڕێبەر ئاپۆ دەکات کە لە ٢٧ی شوبات ڕاگەیاندرا.

فەیلەسوف و کۆمەڵناس ئەدگار مۆرینی ١٠٤ ساڵ، پەیامێکی بۆ شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نارد و گوتی: "پڕۆسەی ئاشتیی و دیموکراتیزەبوونی تورکیا بۆ شکۆی مرۆڤایەتی پێویستە. ڕایدەگەیەنم کە لایەنگری یەکێتی گەلانی کورد و تورک دەکەم."

بە پێی زانیارییەکان پەیەماکەی ئەدگار مۆرین بە تورکی و فەڕەنسی نێردراوە ئەمەیە:

"وەک ڕۆشنبیرێک لەو باوەڕەدام، فکری ئازاد و گفتوگۆی دیموکراتیک بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتین، تاوەکو کۆتایی پشتگری لە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیک و ئاشتی لە تورکیادا دەکەم. لەم پڕۆسە مێژووییەدا کە دوای ئەوەی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەست دەولەت باخچەلی سڵاوی لە سیاسەتمەدارانی کورد کرد و بە بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ی شوبات لە لایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی بەردەوامبوو، بانگەوازیی لە هەموو کەسێک دەکەم ڕێز لە ئیرادەی گەلی کورد و تورک بۆ پێکەوە ژیان نیشان بدەن.

پڕۆسەی دیموکراتیکبوون و ئاشتیی لە تورکیا پێویستی بە شکۆمەندی مرۆڤایەتییە. لەبەر ئەمەش لە بەرانبەر دەستوەردان و هاندانە هەرێمیەکانی ئیمپریالیزم، ڕایدەگەیەنم کە لایەنگری یەکێتی گەلانی کورد و تورکم.

بژی ئازادیی، بژی دیموکراسی".