گه‌نجان خاونداری له‌ راستیی خۆیان ده‌كه‌ن

یوسف ئاڵش، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گه‌نجانی هه‌ده‌په‌ باس له‌وه‌ده‌كات، كه‌ ئه‌وان له‌ دژی كرده‌وه‌ دژه‌ دیموكراسیه‌كان تێده‌كۆشن و وتی، "گه‌نجان خاوه‌نداری له‌ راستی خۆیان ده‌كه‌ن".

ئه‌نجومه‌نی گه‌نجانی هه‌ده‌په‌ سێهه‌م كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی به‌ دروشمی '‌ئێستا كاتی گه‌نجانه‌‘ له‌ 26ی كانونی یه‌كه‌مدا له‌ ئامه‌د به‌ڕێوه‌برد.

یوسف ئاڵش ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گه‌نجانی ئیسته‌نبوڵ باسی له‌وه‌كرد، كه‌ سه‌ره‌ڕای گوشاره‌كانیش كۆنگره‌كه‌ هیوایه‌كی مه‌زنی به‌ گه‌نجان به‌خشی و وتی، " قۆناغی كۆنگره‌كه‌ بۆ هه‌موومان بووه‌ هیوا. ئێمه‌ هه‌موومان هه‌ستمان به‌ وزه‌ و جۆش و خرۆشی كۆنگره‌ كرد. هه‌رچه‌نده‌ گوشار، گه‌مارۆ، گرتن و له‌ پێنج شوێنیش كۆنتڕۆڵ و پشكنین هه‌بوو ئێمه‌ كۆنگره‌كه‌مان به‌ڕێوه‌برد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مووه‌ داگیركارییه‌ له‌سه‌ر كوردستان هه‌یه‌ گه‌نجان نیشانیاندا، كه‌ ئه‌وان هه‌ن و راستی خۆیان له‌بیر نه‌كردووه‌. له‌ كۆنگره‌كه‌دا بینیم مرۆڤه‌كان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بوونه‌ شایه‌تی ئه‌و جۆش و خرۆشه‌ گریان. ئێمه‌ی گه‌نجان سه‌لماندمان كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی زیندان، دوورخستنه‌وه‌ و كوشتاریش هه‌یه‌، ئێمه‌ پشتیوانی له‌ تێكۆشان ده‌كه‌ین".

له‌ توركیا و كوردستان ئێمه‌ له‌ زۆر گۆڕه‌پانداین

ئاڵش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌نجومه‌نی گه‌نجانی هه‌ده‌په‌ له‌ زۆر شار و گۆڕه‌پانی توركیا و كوردستان تێده‌كۆشن و وتی، "ئێمه‌ له‌م بواره‌دا هه‌م خۆمان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ین، هه‌م ژیانی سیستم ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌. ئێمه‌ دژی تلیاك، بێكاری، گوشار و سیاسه‌تی شه‌ڕی تایبه‌ت درێژه‌ به‌ تێكۆشانی خۆمان ده‌ده‌ین. بۆ یادكردنه‌وه‌ی هه‌ڤاڵمان ده‌نیز پۆیراز خولی تۆپی پێمان به‌ڕێوه‌برد و زۆر گه‌نج له‌لای یه‌ك كۆبوونه‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سیاسه‌تی چه‌په‌ڵ و نائه‌خلاقی سیستم پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌، چیمان له‌ده‌ست بێت كردوومانه‌ و ده‌یكه‌ین".

رۆژ رۆژی یه‌كێتییه‌

ئاڵش باسی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ده‌په‌شی كرد وتی، "هێرشه‌كانی سه‌ر حزبه‌كه‌مان له‌ هه‌مان كاتدا به‌ واتای ئەو راستییه‌ دێت، کە ‌ به‌رامبه‌ر كوردان بەڕێوەدەچێت‌. ئێمه‌ ئه‌و سیستمه‌ باش ده‌ناسین. به‌ر له‌ دانیشتنی دۆسیه‌ی هه‌ڤاڵمان ده‌نیز پۆیراز، له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی رۆبۆسكیدا هێرشی سه‌ر بینای حزبه‌كه‌مان له‌ باخچه‌لی ئه‌ڤله‌ر ئه‌نجامدرا. دوور نه‌بوو له‌وێش هه‌ڤالانمان بكوژرانایه‌. هه‌موو رۆژێك له‌ رووی جه‌سته‌ییه‌وه‌ به‌دوامانه‌وه‌ن و چاودێریمان دەکەن و هه‌موو رۆژێك ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ بكوژن. له‌ به‌رده‌م بینای حزبه‌كه‌مان هه‌موو رۆژێك پۆلیسی مه‌ده‌نیی لێیه‌ و ده‌زانن كێ ده‌چێته‌ ناوه‌وه‌ و كێ دێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام نازانن ئه‌و كه‌سه‌ چه‌كدارانه‌ كێن، كه‌ ده‌چنه‌ ناو بیناكانی ئێمه‌! له‌ قۆناغی شه‌هیدبوونی هه‌ڤاڵ ده‌نیز پۆیرازیشدا بینیمان زمانی رق و قین، كه‌ سیستم به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌ دایڕشتووه‌، بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی هێرشمان بكرێته‌سه‌ر.

گۆشه‌گیری سه‌ر رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان به‌ ته‌نیا له‌ ئیمڕاڵی په‌یڕه‌و ناكرێت، ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لی كورددا جێبه‌جێ ده‌كرێت. هه‌موو رۆژێك و له‌ هه‌موو شوێنێك ئێمه‌ له‌و گۆشه‌گیریه‌دا ده‌ژین. رۆژ رۆژی خاوه‌نداری له‌ به‌هاكان و یه‌كێتیه‌".

ژ.ت