بە دیمەن

گەنجانی ئەنتەرناسیۆنالیست بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی درێژ

گەنجانی ئەنتەرناسیۆنالیستی بەرزاییەکانی ئاڵپ لە سویسرا، بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی درێژ کە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێت.

گەنجانی ئەنتەرناسیۆنالیستی بەرزاییەکانی ئاڵپ لە سویسرا، بانگەوازیان کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی درێژ کە لە ویلایەتی باکووری ڕەین-وێستفالیای ئەڵمانیا لە ١٥ – ٢٢ ی ئەیلول بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێت. گەنجان لە ڕاگەیاندراوەکەیان دووپاتیان کردەوە، ڕێگەی ڕزگاربوونی جیهان لەم ئاژاوەیەی ئەمڕۆ، لە پارادایمی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا دەدۆزرێتەوە.

"ژیانەوە لە فیکری ڕێبەر ئاپۆ دەدۆزرێتەوە"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە جیهان لەنێو ئاژاوەیەکی مەزن دایە، شەڕی نێوان دەوڵەتان بەرپایە، دەڵێن: " ئەم شەڕەی کە ئێستا لە زۆر شوێنی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، تادێت بێبەزەییتر دەبێت. هەروەها هێرشەکانی سەرمایەداری بۆ سەر گەنجان تا دێت زیاتر دەبن و دەیانەوێت هێزی گەنجانی دیموکراتیک و شۆڕشگێڕ لەناوببەن. بەڵام هاوکات باوەڕمان وایە کە ڕێگایەک بۆ ژیانەوە لەم ئاژاوە مەزنەدا دەدۆزینەوە. بۆیە ئەم دەرفەتە لە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینین. ئێمە ئەم دەرفەتە بە چارەسەرێکی دیموکراتیک بۆ پرسی کورد و چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبینین".

"پێویستە هەڵوێستی ڕوون دژی دەوڵەتی تورک پیشان بدرێت"

ئاماژە بەوە کراوە، پیشاندانی هەڵوێستێکی ڕوون دژی دەوڵەتانی فاشیستی وەک دەوڵەتی تورک، واتای ڕزگارکردنی ژنان و هەموو کۆمەڵگەیە لە زیهنیەتی دەوڵەتپارێز و باوکسالاری، تێکۆشانە بۆ فیکری هاوسەنگی ئیکۆلۆژی نوێ، دەڵێن: "وەک گەنجانی فەرەنسا و ئیتالیا بانگەواز لە هەمووان دەکەین بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوانی درێژ کە لەنێوان ١٥-٢٢ ی ئەیلول لە ئەڵمانیا لەلایەن کوردان و ئەنتەرناسیۆنالیستەکانەوە ئەنجام دەدرێت. سڵاو بۆ ئەو گەنجانە دەنێرین لە کوردستان دژی فاشیزم دەجەنگن. سڵاو لە خوێندکارانی بەنگلادش دەکەین کە دژی فشار تێدەکۆشن. سڵاو لە گەنجانی جیهان دەکەین کە دژی باوکسالاری و کۆڵۆنیاڵیزم و لەپێناو دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن. هەروەها سڵاو دەنێرین بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە سەرەڕای هەموو هەلومەرجێکی توندی گۆشەگیری، تێکۆشان دەکات، بەم ڕۆحیەتەوە دەڵێین، بە گەنجێتی دەستمان پێ کرد و بە گەنجێتی سەردەکەوین".