گروپی دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا: دەبێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕابوەستێنرێن

گروپی دۆستایەتیی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و داوای کرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕابوەستێنرێن.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ ڕاگەیەندرا، دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکوژێت و دژی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان و یاسا هەڵسوکەوت دەکات.

ئاندرێس شیدەر وتەبێژی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی نەمسا، نیکۆلاج ویلیامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ و ڕێکخەری گروپی دۆستایەتیی کورد، فرانسوا ئەلفۆنسی لە فراکسیۆنی ئەوروپای ئازاد (EFA)، ئەڤین ئینجەر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان و کاترین لانگیسپین لە فراکسیۆنی سەوزەکان بەشداری کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسیەکە بوون.

ئاندرێس شیدەر هێرشەکانی سوپای ئەردۆغان و هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر خاکی عێراق شەرمەزار کرد و داوای لە یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوەکانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا کرد، کە لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە و دەست بە جموجوڵ بکەن.

نیکۆلاج ویلیامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەردۆغان گورزێک بوو لە تێکۆشانی دژ بە دژی داعش و وتی، ئەگەر کۆتایی بەو هێرشانە نەهێنێت ئەوا پێویستە یەکێتیی ئەوروپا سزای ئابووری و سیاسی بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

ئەڤین ئینجەر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا داوای لە ڕای گشتیی نێونەتەوەیی کرد، دەستبەکار بن و هەڵوێست وەربگرن و پارێزگاری لە کوردان بکەن.

ژ.ت