گەریلا شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک شکست دەدات

دەوڵەتی تورک سەرەڕای هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، ناتوانێت لەبەرامبەر گەریلا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. لە دیمەنی چالاکییەکاندا دەردەکەوێت کە سوپای تورکیا تا چ ڕادەیەک تەنگەتاو بووە.

گرنگترین لایەنی ئەو داگیرکارییەی کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە کوردستان بە تایبەتی لە ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیادا پەرەی پێبدات، شەڕی تایبەتە. دەوڵەتی تورک بە شێوەی سەرەکی لە ڕێگەی پڕوپاگەندەی چەپەڵ و میدیاکانەوە هەوڵ دەدات نیشانی بدات، کە لەم شەڕەدا سەرکەوتووە. لە لایەکی دیکەیشەوە هەوڵ دەدات ڕاستی شەڕەکەی لە دژی گەلانی کورد و تورکیا بە پێچەوانە نیشان بدات. ئەو بەرخۆدانەی ئێستا لە ھەرێمی زاپ بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە نموونەکانی شکستی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک و سوپاکەیەتی.

لە ھەڵمەتی ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا، مرۆڤ دەتوانێت نموونەیەکی زۆر بەرجستەی هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی تورک بۆ سەر بزوتنەوەی ئازادی ببینێت. ئەو دەوڵەتەی کە دەیوت 'لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا هەموویان لەناو دەبەین'، ناچار بوو لە شەڕدا سەرکەوتنەکانی گەریلا لە ماوەی ٤٠ ساڵدا ببینێت، ناچار بوو ژیانەوەی گەلی کورد ببینێت. لە ساڵانی ڕابردووشدا نموونەیەکی وەک سلێمان سۆیلو هەبوو، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا باسی لە ناوبردنی پەکەکەی کرد. سوپای تورکیش لە ساڵی ٢٠١٥ەوە، لە ژێر ناوی جیاجیا، بۆ سڕینەوەی گەریلا ساڵانە ئۆپەراسیۆن لە ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و باکووری کوردستان ئەنجام دەدات. دەوڵەتی تورک بە پاڵپشتی ناتۆ، ساڵانە لەو ئۆپەراسیۆنانەدا بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر گەریلا. بە تایبەت لە سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر قورسایی خستووەتە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی تاکتیکی.

لەگەڵ هێزی تەکنیکی و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، سەرکەوتنی سوپای تورک لە ژێر پرسیارە. ئەوانەی دەیانویست لە چەند کاتژمێرێکدا کۆتایی بە گەریلا بھێنن، سێ ساڵە لە زاپ گیریان خواردووە. لەگەڵ بەکارھێنانی تەکنۆلۆژیا و شێوازی نا ئەخلاقی، ڕۆڵی ھەواڵگری، شەڕی تایبەت و هاوکاری پەدەکە لەو شەڕەدا زۆر گەورەیە. دەوڵەتی تورک کە دەیەوێت لە بەرامبەر گەریلا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، ھەوڵ دەدات لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئاماری زیانە قورسەکانی لە شەڕدا بشارێتەوە. ئەوانەی ئێستا لە چیاکانی کوردستان لە دژی گەریلا شەڕ دەکەن، تەنیا لە سەربازانی تورک پێکنەھاتوون، بەڵکو لە ناویاندا چەتەکانی سوریا و وڵاتانی دیکەش بوونیان ھەیە.

چارەنووسی ئەو سەربازانەی کوژراون چییە؟

ئەو شەڕە تایبەتەی کە دەوڵەتی تورک دژی گەریلا بەڕێوەی دەبات و بۆ فریودانی ڕای گشتی بەکاری دەهێنێت، بەو دیمەنانەی کە گەریلا لە میدیاکانەوە بڵاوی دەکەنەوە، باشتر درکی پێدەکرێت. یەکێک لەو دیمەنانەی کە گەریلاکان بۆ ڕای گشتی بڵاویانکردەوە، دەتوانێت نموونەیەک بێت. لە ھەر دیمەنێکدا لانیکەم سەربازێک دەکوژرێت. بێگومان ئەمە تەنیا دیمەنی چالاکییەکە. زۆر چالاکیی ئەنجامدراون کە دیمەنیان نییە. ناسنامە و تەرمی ئەو سەربازانەی ساڵی ڕابردوو لە زاپ کەوتنە دەستی گەریلا، زیاتر پرسەکە بەرجستە دەکات. ئاخۆ چارەنووسی ئەو ھەموو سەربازەی لەلایەن گەریلاوە سزادراون چییان بەسەر ھاتووە؟

ئەوانەی لەو دیمەنانەدا کوژراون، ئەگەر سەربازی تورک نین، ئەی کێن؟ باشترین شێواز بۆ دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە ڕاستی شەڕەکە بشارێتەوە و پێچەوانەی بکاتەوە. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ورە و لایەنی دەروونی سەربازەکانی زیاتر تێکنەچێت و پشتیوانی ئەو کۆمەڵگایەیی کە پاڵپشتی دەکات لەدەست نەدات، پەنا بۆ شێوازێکی لەو جۆرە دەبات. ئەوە بەباش دەزانێت لەجیاتی ئەوەی بڵێت تەرمی سەربازەکان سووتێنراون، بە ڕای گشتی بڵێت لە شەڕدا کوژراون. دەوڵەتی تورک گیانی کەسێک یان سەربازێکی بەلاوە گرنگ نییە.

سەبارەت بەو سەربازانەی کە لەلایەن گەریلاکانی کوردستانەوە کوژراون، جارجار وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی تورک ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، 'ئەوان لە بەرزاییەکانەوە کەوتوونەتە خوارەوە یان لە ئەنجامی ڕووداوێکدا گیانیان لەدەستداوە'.

ھەر بۆیە دەوڵەتی تورک سەرەڕای ئەم هەوڵانەش، ناتوانێت ڕاستییەکانی شەڕەکە بشارێتەوە. لەلایەکەوە دەڵێت کۆتایی بە گەریلا ھێناوە، لە لایەکی ترەوە هەزاران سەرباز ڕەوانەی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات. ئەگەر لە باکووری کوردستان بە تەواوی کۆتایی بە گەریلا ھێنابێت، بۆچی ئەو هەموو سەربازە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن؟ ئەگەر گەریلا لەوێ بوونی نەبێت، ئەو ھەموو ئۆپەراسیۆنە لەدژی کێ ئەنجام دەدرێت؟ بێ گومان بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک لەباریەی کۆتایی ھێنان بە گەریلا لەلایەن گەریلاکانەوە بە قورسی شکستیان پێدەهێنرێت.

کامێرای گەریلا ڕاستییەکانی شەڕ نیشان دەدات

ئەو چالاکییانەی لە باکوور ئەنجام دەدرێن و ئەو گەریلایانەی لەو چالاکیانەدا قارەمانانە شەڕیان کرد و شەهید بوون، لە لایەن هەپەگە و یەژا ستار بۆ ڕای گشتی بڵاوکرانەوە. هەروەها لە گەورە شارەکانیش ڕۆڵەکانی ئاگر، کارگە و ئۆتۆمبێلی فاشیستەکان دەسوتێنن. میدیاکانی تورک، هەموو جارێک دەڵێن ڕووداوەکان بە هۆکاری سروشتی ڕوویانداوە، بەڵام ڕۆڵەکانی ئاگر ئاشکرای دەکەن ئەو چالاکیانە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدراون. ئەو نموونانە دەریدەخەن کە سوپای تورک ناتوانێت سەر بە ڕۆڵەکانی کورد نەوی بکات. لە هەمان کاتیشدا نیشانەی شکستی سوپای تورکە.

باس لە سوپایەکی لەو جۆرە دەکەین، کە دژی گەریلا ھێرشی زۆر دژوار ئەنجام دەدات و تەکنەلۆژیای سەردەم بەکاردەهێنێت. بەڵام له بەڕامبەڕ ئەو تەکنیکه، له دژی ھەموو شێوازە چەپەڵەکان، ڕاستی گەڕیلاکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بوونی ھەیە، که تێکۆشان و بەڕخۆدانێکی گەوره ئەنجام دەدات. ئەوانەی ئێستا لە چیاکانی کوردستان، لە ھەرێمەکانی وەک زاپ چۆک بە سوپای تورک دادەدەن، جەنگاوەرانی ئاپۆیین کە خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن. دەوڵەتی تورک هەوڵی شاردنەوەی دەدات، بەڵام گەریلا ڕاستی شەڕ بە تەواوەتی بڵاودەکاتەوە.

لە دیمەنەکانی کامێراکانی گەریلاوە دەردەکەوێت، کە سوپای تورک لەم شەڕەدا تا چ ڕادەیەک تەنگەتاو بووە. گەریلا کە سەرباری هێرشی ئاسمانی، زەمینی و تەکنۆلۆژیای سەردەم، چالاکی ئەنجام دەدەن و ئەو چالاکیانەش بە بەڵگە دەکەن و ڕاستییان دەخەنە بەرچاوی ھەموو کەسێک، بە دڵنیاییەوە ئەوان لەم شەڕەدا سەردەکەون.

ژ.ن