'گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان سزادانی گەلی کوردە'

چالاکوان و پاڕێزەر پاولا مارتین پۆنز وتی، گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەمەبەستی سزادانی گەلی کوردە.

پاڕێزەر پاولا مارتین پۆنز ناڕەزایەتی بەرامبەر گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیشاندا و رایگەیاند، کە گۆشەگیرییەکە سزادانی گەلی کوردە.

پاولا مارتین پۆنز سەبارەت بە بابەتەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و وتی، "گۆشەگیری شێوازێکی ستەمکارانەیە کە حکومەت بۆ سزادان و ئازاردانی زیندانییەک بەکاریدەهێنێت. گۆشەگیری ئەشکەنجەیە".

پارێزەر پاولا مارتین پۆنز بە بیریهێنایەوە کە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ٢٤ ساڵی رابردوو لەناو گۆشەگیریدا بووە و وتی، " ئەو دۆخەی تیایدایە، بە شێوەیەکی روون و بەرچاو هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی مافە سەرەتایی و مافەکانی مرۆڤ. بەڕێز ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بەدواوە لە زیندانی ئیمراڵی لە ژوورێکی تاکەکەسدایە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تەنیا ٥ جار رێگە دراوە کە بنەماڵەکەی ببینێت. دوایین جار لە ئاداری ٢٠٢٠ توانیبووی رووبەڕوو براکەی ببینێت. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ دا رێگەدرابوو کە بە تەلەفون قسە بکات، لەو کاتەوە ناتوانرێت پەیوەندی پێوەبکرێت. تەنیا ئەگەر مرۆڤ سەیری ئەمانە بکات دەبینێت کە مافە سەرەتاییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان پێشێلکراون. سەرباری ئەوەش دەبێت مرۆڤ کاریگەری ستەمکارانە، لە دژی مرۆڤایەتی و سوکایەتیپێکردنەکانی ئەم مامەڵەیە بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەبیر نەکەن.

وتیشی: نابێت لەبیر بکرێت، کە هەر هەوڵێک بۆ سووکایەتیکردن بە زیندانییەک، ھاوکاتە لەگەڵ سزادانی بنەماڵە و لایەنگرانی. وەک لە نموونەی عەبدوڵا ئۆجالانیشدا دەبینرێت، سزادانی گەلی کوردە.

پارێزەر پاولا مارتین پۆنز وتیشی: لە ١٢ ساڵی یەکەمدا مافی دیداری پارێزەران لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە هەفتەیەکدا تەنیا یەک کاتژمێر بووە، بەڵام ئەو مافەش بە بەردەوامی ڕێگری لێکرا و وتی: "ئەگەر مافی دیداری ئێوە لەگەڵ تیمە یاساییەکەتان ڕێگری لێبکرێت، ئێوە ناتوان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەرگری لە خۆتان بکەن. بەڵام لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٩ تەنیا ٥ جار دیدار لەگەڵ پارێزەران ئەنجامدراوە و لە ساڵی ٢٠١٩ـەوەش هیچ دیدارێک لەگەڵ پارێزەران ئەنجام نەدراوە، داواکارییەکی زۆر بە مەبەستی دیدار یان ڕەتکراونەتەوە یان بێ وەڵام ماونەتەوە، ئەمەش بەو واتایەیە کە نەتەنیا مافی بەرگریکردنی یاسایی پێشێل دەکرێت، لە ھەمان کاتدا ڕێگە نادرێت لەبارەی بارودۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و کەسانی دیکە نێو زیندانەکە زانیاری وەربگرێت، وەک مافێکی مرۆڤ دەبێت قبوڵ بکرێت، کاتێک کەسێک لە زینداندایە، بتوانێت پارێزەرێکی هەبێت، بتوانێت بە ئاسانی دەستی بە پارێزەر و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەکەی بگات، بتوانێت گفتوکۆ و دانوستاندن لەگەڵ ئیدارە و کاربەدەستانی زیندان بکات، مافی سەردانی بەردەوام و رێکوپێکی هەبێت. ئەوەش بۆ بەرگری و دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە پێویستە".