گۆشەگیری شەرمەزارکرا
گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەشکەنجەی نێو زیندانەکان شەرمەزار کرا.
گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەشکەنجەی نێو زیندانەکان شەرمەزار کرا.
کۆمەڵەی هاریکاری ماڵباتی زیندانیان (TÜAY-DER)، سەبارەت بە پێشێلکاری نێو زیندانەکانی فارقین ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکە لە بارەگای پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە فارقین خوێنرایەوە. نوێنەری پارتە سیاسییەکان و بنەماڵەی زیندانیان بەشداربوون.
بەڕێوەبەری (TÜAY-DER)، محەمەد ئوزەل، گوتی: "دەسەڵات میراتگری عیزەت ئۆکتایە، لەڕێگەی زیندانەکانەوە هەوڵدەدات جڤاک دیزاین بکات و هێرش بکاتە سەر زیندانیانی سیاسی"،هەروەها تیشكی خستە سەر ئەشکەنجەدانی زیندانیانی نێو زیندانی ژنانی پاتنۆس.
ئوزال ئاماژەی بەوەشکرد، پێشێلکردنی مافەکان لە زیندانەکاندا لە گۆشەگیریی ئیمراڵی جیاناکرێتەوە و گوتی: "بۆ ئەوەی ئاشتی و ئارامی لە جڤاکدا بێتەدی، بۆ فراوانکردنی ئازادی و دیموکراسی، دەبێت گۆشەگیریی بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت".
ئەزمیر
لە بارەگای کۆمەڵەی خزمی زیندانیان و حکومدراوانی ئیجە (Ege TÜHAYDER) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەسترا. هاوسەرۆکی (TÜHAYDER) لە ئیجە، نیلای گولەسەر، سەرنجی خستە سەر ڕەوشی زیندانییە نەخۆشەکان و کوشتنی زیندانییەکان لە زیندانەکاندا.
گولەسەر ئاماژەی کرد بە پێشێلکارییەکانی زیندانەکانی کریکلار و شاکران لە ئەزمیر و ڕایگەیاند، پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
مێرسین
کۆمەڵەی پشتیوانی بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی چوکورۆڤا (Çûkûrova TÛAY-DER)، کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (OHD) لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە مێرسین، پەیوەست بە پێشێلکارییەکان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم بارەگای (Çûkûrova TÛAY-DER) خوێنرایەوە. لە هۆڵی ڕاگەیاندراوەکە پانکارتی کوردی و تورکی "گۆشەگیری تاوانێکی نامرۆڤانەیە، زیندانیانی سیاسی شەرەفی ئێمەن" هەڵواسرا. ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن سەرۆکی (Çûkûrova TÛAY-DER) ئەرگین ئاڵتونتاش خوێنرایەوە. ئاڵتونتاش ئاماژەی کرد بە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی نێو زیندانییەکان، دووپاتی کردەوە بەڕێوەبەرانی زیندانەکان بە ئاشکرا پێشێلکاری دەکەن.
"هەموو ڕۆژێک زانیاریمان لەبارەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپەوە پێ دەگات"
ئاڵتونتاش گوتی: "زیندانەکانی تورکیا وەکبڵێی ئەشکەنجەخانەن و شوێنی مردن بن. هەرچەند ئاسایشی گیانی زیندانیان بە یاسا مسۆگەر کراوە، بەڵام ڕووبەڕووی مردن و ئەشکەنجەی سیستەماتیک دەبنەوە".
"نزیکەی چل خولەک ئەشکەنجە دەدەن"
ئاڵتونتاش سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی زیندانی تیپی L ی پاتنۆس، گوتی: "لەکاتی سەرژمێری، پاسەوانی پیاو دێنە قاوشی ژنان، بۆیە زیندانییەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن. دەیانویست لەگەڵ داواکاری گشتی کۆببنەوە، بەڵام داواکاریەکەیان ڕەتکرایەوە. دوای ئەوە نزیکەی چل پاسەوان و جەندرمە چوونە ناو زیندانەکە و نزیکەی چل خولەک ئەشکەنجەی مزگین کایتبەی و لالە کابیشەن و نازلیجان باریشەریان دا. تا دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کۆتایی بەو کارە فاشیستیانە نەهێنێت کە دژ بە کەرامەتی مرۆڤایەتییە و لێپێچینەوە لە بەرپرسان نەکات، ئەوان بەرپرسی سەرەکین لەو تاوانانە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پێشێلکارییەکانی ماف و ئەشکەنجەدان و سیاسەتی بێزارکردن لە زیندانەکاندا لە چوارچێوەی ڕوانگەیەکدا ئەنجام دەدرێت".
"پێویستە پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەنگ هەڵبڕن"
ئاڵتونتاش لەکۆتاییدا گوتی: "فشارەکانی ناو زیندانەکان پەیوەندی بە گۆشەگیریی ئیمراڵییەوە هەیە. تاکە ڕێگە بۆ ئاشتی جڤاکی و فراوانکردنی بوارەکانی دیموکراسی و ئازادی، کۆتاییهێنانە بە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان. هەر بۆیە داوای کۆتاییهێنان بە سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردن لە ئیمراڵی و هێرش و پێشێلکردنی ماف و سیاسەتەکانی ئەشکەنجەدان لە هەموو زیندانەکاندا دەکەین. لەو چوارچێوەیەدا داوا لە هەموو پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان دەکەین کە لە دژی سیاسەتەکانی گۆشەگیری و فشار و ئەشکەنجەدان دەنگی خۆیان هەڵبڕن".