گونای: پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باشور نه‌كه‌وێته‌ داوی پلانه‌كانی ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌وه‌

وته‌بێژی هه‌ده‌په‌ ئه‌بور گونای باسی له‌وه‌كرد، كه‌ نه‌ورۆزی ٢٠٢٢ هاوپه‌یمانی كوردانی نیشاندا و وتی، "پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باشوری كوردستان نه‌بێته‌ به‌شێك له‌ پلانه‌كانی ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌".

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ئه‌برو گونای له‌ ناوه‌ندی گشتیی پارته‌كه‌ی كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی ساز كرد و په‌ره‌سه‌ندن و بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاند.

گونای به‌شێك له‌ قسه‌كانی به‌ كوردی پێشكه‌ش كرد. لێدوانی گونای به‌ كوردی به‌م جۆره‌یه‌:

"راگه‌یاندنه‌ هێژاكان نه‌ورۆزی ٢٠٢٢ بووه‌ هێمای هاوپه‌یمانی كوردان. ئه‌و وێنه‌یه‌ی له‌ گۆڕه‌پانه‌كان خرایه‌ڕوو هێما و نیشانه‌ی هاوپه‌یمانی كوردان بوو. گه‌لی كورد ئیتر ئازادی و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وێت. ئه‌وانه‌ی دژبه‌رایه‌تی كوردان ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت كوردان بكه‌نه‌ بنده‌ست. ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ له‌سه‌ر كورد ده‌سه‌ڵاتداری و هێرشه‌كانیان گه‌وره‌كردووه‌. نایانه‌وێت كه‌ كورد له‌ هیچ شوێنێت یه‌كبگرن. به‌ڵام كورده‌كان له‌ دژی تواندنه‌وه‌ی كولتوری و كۆمه‌ڵكوژییه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێك خۆڕاگرییان كردووه‌ و درێژه‌ به‌ به‌رخودانی خۆیان ده‌ده‌ن.

هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان و به‌ تایبه‌تیش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باشوری كوردستان ئه‌و به‌رخودانه‌ ببینن و نه‌كه‌ونه‌ ناو پلانه‌كانی ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ پشتگیری له‌ پلانه‌كانی ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ بكه‌ن ئه‌وه‌ بۆ ده‌سكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌بێته‌ گورزێكی قورس. به‌ڵام ئیتر گه‌لی كورد ئه‌و گورزانه‌ی ناوێت. گه‌لی كورد له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی نه‌ورۆز په‌یامی گرنگ و وه‌ڵامی گه‌وره‌ی دایه‌وه‌. پێویسته‌ هه‌موو كورد خاوه‌نداری له‌و وه‌ڵامه‌ بكه‌ن و داواكاری هاوپه‌یمانی و یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی جێبه‌جێ بكه‌ن. پێویسته‌ باشوری كوردستان نه‌كه‌وێته‌ ناو گه‌مه‌كانی ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ و پێویسته‌ پشت له‌ گه‌لی كورد نه‌كه‌ن.

له‌یادی له‌سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌د و هه‌ڤاڵانی من جارێكی تر قازی محه‌مه‌د به‌ بیر ده‌هێنمه‌وه‌ و بانگه‌وازێك پێشكه‌ش ده‌كه‌م. یه‌كێتی و ئاشتی بۆ سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كورد پێویسته‌. ده‌بێت هه‌موو كه‌س بۆ به‌جێهێنانی ئه‌و وه‌سیه‌ت و راسپارده‌یه‌ی قازی محه‌مه‌د هه‌نگاو بنێت".

هـ . ب