هەدەپە: بە رێزەوە یادی قوربانیانی ئەنفال دەکەینەوە

هەدەپە یادی قوربانیانی 'ئەنفال"ی کردەوە و رایگەیاند، ئەنفال تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی بوو، کە بەرامبەر بە گەلێک ئەنجامدراوە و ئیدانەی دەکەین.

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژیی "ئەنفال"، کە لە ساڵی ١٩٨٨ لە سەردەمی سەدام حوسێن لە باشووری کوردستان دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا ١٨٢ هەزار کەسی تیادا کۆمەڵکوژ کران، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا هاتووە، "کۆمەڵکوژیی ئەنفال یەکێک لە گەورەترین تراژدیەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. سەرباری ئەوەى دەیان ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئازارەکانی وەک رۆژی یەکەم تازەیە".

'بەرپرسیارانی ئەنفال بە تەواوەتی سزا نەدراون'

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ١ی ئاداری ٢٠١٠دا کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، کە بەشێکە لە "ئەنفال" وەک پاکتاوکردن و جینۆسیاد ناساندووە و راشیگەیاندووە، "سەرباری ئەوەش بەرپرسیاران بە تەواوەتی سزا نەدراون. ئەو کۆمەڵکوژییە لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی بەریتانیا، سوید و نەرویج وەک "جینۆسایدی کورد" دانی پیادا نراوە، بەڵام هێزە نێونەتەوەییەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەوانەى بەرپرسیارن لەو کۆمەڵکوژییە، هێشتا حسابی ئەو تاوانە گەورەیەی دژ بە مرۆڤایەتییان نەداوە.  

"لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا ئیدانە کران"

خواستیان لە رێگەى کۆمەڵکوژیی ئەنفالەوە گەلی کورد لە رووی مێژووی، کولتوری و هەبوونەوە پاکتاو بکەن و بیسڕنەوە. ئەمڕۆش هێشتا هەندێک هێز، کە خۆزگە بە رژێمی سەدام دەخوازن، لە رێگەى کۆمەڵکوژی لە دژی کوردانەوە هەوڵ دەدەن بە سیاسەتی 'غەنیمە" و هێرشی داگیرکەری ئەنجام بە دەست بهێنن. بەو شێوەیە خاوەنداری و پشتیوانی لە عەقڵییەتی ئەنفال دەکەن. گەلی کورد لە کۆمەڵکوژیی ئەنفال و هەڵەبجەدا، هەر چۆن لە خەونی خۆیدا سەرلەنوێ لە دایکبوویەوە، بە هەمان شێوەیە سەرلەنوێ ژیایەوە و خۆی ئافراندەوە و لە هەموو کۆمەڵکوژییەکدا خۆی بە بەهێزی رزگار کردووە. ئێستاش بووە بە یەکێک لە کۆمەڵگە ئازادیخواز و سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە لە ئێستا بە دواوەش هیچ کۆمەڵکوژی و هێرشێک لە دژی کوردان سەرناکەوێت، بە دڵنیاییەوە ناتوانن رێگری لە ئازادیی گەلی کورد بکەن. کۆمەڵکوژییەکانی پێشتر لە مێژوو و ویژدانی مرۆڤایەتیدا ئیدانە کراون. سەرەنجام و چارەنووسی هێرشەکارەکانی ئەم سەردەمش هەر وەک ئەوانی پێشووتر دەبێت.

بە بۆنەى ١٤ی نیسان رۆژی یادکردنەوەى قوربانیانی ئەنفال، ئێمە یادی قوربانیانی ئەنفال دەکەینەوە و ئەو تاوانە، کە لە دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە گەلێک ئەنجامدراوە، ئیدانە دەکەین. ئێمە بە رێزەوە یادی ئەو مرۆڤانە دەکەینەوە، کە بەهۆی هەڵوێست و بەرخودانیانی رەوا و مافدارانەیانەوە کۆمەڵکوژکراون".

ژ.ت