هەدەپە و جەهەپە کۆنفڕانسی هاوبەشی رۆژنامەنوسیان ئەنجامدا

پەروین بوڵدان و میتحاد سانجار هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە سەردانی کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپەیان کرد.

پەروین بوڵدان و میتحاد سانجار هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە بە سەرۆکایەتی شاندێک، سەردانی جەهەپەیان کرد. هاوسەرۆکانی هەدەپە لەگەڵ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە کۆبونەوە و دواتر کۆنفڕانسی هاوبەشی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

کلچدارئۆغلۆ: پێویستە ئێمە کۆبینەوە

سەرۆکی گشتی جەهەپە بەم شێوەیە قسەی کرد:

"پێویستی تورکیا بە یەکنزیکبوونەوە هەیە. پێویستە گەردنی یەکتری ئازاد بکەن. زۆرمان بەهۆی شەڕ و پێکدادان چەشت. پێویستە روو لە ئاشتی بکەین. پێویستە ئێمە کۆبینەوە، لەگەڵ یەکتری دانیشین و پێکەوە قسە بکەین. هیچ کێشەیەکی تورکیا نییە کە چارەسەر نەکرێت. کێشەکان بە عەقڵ چارەسەر دەکرێن. لەم چوارچێوەیەدا ئێمە باسی کێشەکانی تورکیامان کرد. سەرۆکانی بەڕێز بۆچوونی خۆیان خستەڕوو. ئێمەش باسی بۆچوونی خۆمان کرد. لە ئابوری تاوەکو دوکاندارەکان، جۆتیاران، خانەنشینان و کێشەکانی موچە، ئێمە باسی هەموو کێشەکانمان کرد. بێگۆمان بۆچوونی جیاوازمان هەیە، بەڵام هەموو بۆچوونێک بۆ ئێمە گرنگە. جارێکی دیکە بەخێر بێن و سپاستان دەکەم."

بوڵدان: لەبارەی ئەو شتانە قسەمان کرد کە داهاتوو ئەنجامیان دەدەین

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە:

"ئێمە هاتینە دوایین ئاستی بەرنامەی سەردانەکانمان بۆ لای پارتە سیاسیەکان. سەرلەبەیانی لەگەڵ پارتی دەڤا کۆبوینەوە. ئێستاش لەگەڵ کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە و شاندێکی یاوەری کۆبوینەوە. ئەو کێشانەی کە پێویستە بە زوترین کات چارەسەر بکرێن، دیارن. وەک پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن ئێمە ڕێبازەکانی چارەسەری کێشەکانمان گفتوگۆ کرد و لەبارەی ئەو شتانە قسەمان کرد کە داهاتوو ئەنجامیان دەدەین. ئێمە بۆچوونی خۆمان ئاشکرا کرد. بێگۆمان ئێمە لە قەیرانداین. نەک بەتەنها قەیرانی ئابوری، لە تورکیا لە هەموو روویەکەوە قەیران هەیە."

پەروین بوڵدان رایگەیاند، بۆ چارەسەری مەسەلەکانی تورکیا پێویستە بەڕێوەبەریەکی نوێ پێکبهێنرێت و وتی، "بێگۆمان بە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت، رۆژەڤ گەرمە. بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبەرایەتیەکی نوێ دەهێنێت."

سانجار: پێویستە سیستمی بەڕێوەبەری بگۆڕێت

میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە:

"ئێمە هاوڕاین کە تورکیا لەنێو قۆناغێکی قەیراندایە. رێگەی دەرکەوتن لە قەیران بە ڕاوێژکاری لەگەڵ یەکتری دەبێت و دیالۆگ دەتوانێت رێگاکان بدۆزێتەوە. ئەگەر دیموکراتی لە هەموو جێگایەک نییە، ئەرکی ئێمەی ئۆپۆزسیۆنە کە رێگاکانی دیموکراسی بدۆزینەوە. ئەگەر ئێمە بەڵێنی دیموکراسی بدەین، ئەو کاتە پێویستە ئێمە پیشانی کۆمەڵگای بدەین. ئەو قەیرانی هەمەلایەنەیە لە هەمانکاتدا قەیرانی بەڕێوەبەریە. ئەم دووانە پێویستە پێکەوە چارەسەر بکرێن. چوونی بەرێوەبەری ئێستا دەبێتە هۆی دەستپێکی گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبەری. ئێمە لەمبارەیەوە باسی بۆچوونەکانمان کرد. داواکاری هەڵبژارندی پێشوەخت لەنێو گفتوگۆکانمان بوو. بەڵام باسکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەتەنها نابێتە چارەسەری، لەبەرئەوەی کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی هەیە. برسیبوون، هەژاری، ناعەدالەتی و زۆر ناحەقی هەیە. پێویستە ئێمە ئەرک و بەرپرسیاری خۆمان جێبەجێ بکەین."

ف.ق