حکومەتی ئەلمانیا بۆ ئیمرالی بانگەوازی کرد

وەزیرێکی حکومەتی فیدرالی ئەلمانیا رایدەگەیێنێت، بە پێی راپۆرتی CPT دەبێت تورکیا رێگە بە پارێزەران و خانەوادەی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بدات، چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدەن.

گوکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پاری چەپی ئەلمانیا هەفتەی رابردوو لە بارەی گۆشەگیریەکەی بەندیخانەی ئیمرالی بۆ سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، پێشنیارێکی پێشکەشی حکومەتی فیدرالی ئەلمانیا کردبوو.

لە پێشنیارەکەدا تیشک خرابووە سەر راپۆرتەکەی کۆمیتەی رێگریکردن لە ئەشکەنجە – CPT و وتبووی:"گۆشەگیریەکەی ئیمرالی بەردەوامە و بووە بە هەمیشەیی و لەگەڵ هۆشداریەکانی ساڵی ٢٠١٦ کە لەم بارەیەوە دراون، هیچ گۆڕانکاریەک روویان نەداوە."

ئاکبولوت لەم بارەیەوە پرسیاری لە حکومەتی فیدرالی ئەلمانیا کردووە کە چۆن دەڕوانێتە ئەو بابەتە.

لە پێشنیارەکەدا، تیشک خراوەتە سەر رێگریەکانی بەردەم ئەنجامدانی چاوپێکەتنی خانەوادە و پارێزەران لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان و پرسیاری ئەوە کراوە کە، ئایا لە چوارچێوەی چاوپێکەوتن و دانیشتنەکانی حکومەتی ئەلمانیا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی تورکیا، هەڵومەرجەکانی بەندیخانەی ئیمرالی بوونە بابەتی گۆتوبێژ یان نە؟ لەم بارەیەوە میکائیل رۆز وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەوروپا بە ناوی حکومەتی وڵاتەکەیەوە وڵامی ئەو پرسیار و پێشنیارەکەی پارتی چەپی دایەوە.

رۆز: تورکیا دەبێت مەرجەکانی پەیمانی مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات

رۆز وڵامێکی کورتی پرسیار و پێشنیارەکەی دایەوە و وڵامەکەی لە ماڵپەری فەرمی ئەنجومەنی فیدرالدا بڵاو کرایەوە.

رۆز داوای لە تورکیا کردووە، مەرجەکانی پەیمانی مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات، چونکە ئەویش ئەندامێکی کۆنسەی ئەوروپایە و راشیگەیاندووە، دەبێت مافی ئەو زیندانیانەی لە چوارچێوەی پەیمانی مافی مرۆڤی ئەوروپادا دڵنیا کراوەنەتەوە، پارێزراو بن و پێشەل نەکرێن و دەڵێت:"هەم یەکێتی ئەوروپا، هەمیش حکومەتی فیدرالی ئەلمانیا لە چاوپێکەوتنەکانیاندا لەگەڵ تورکیا، چاوەڕوانیەکانیان لەم بارەیەوە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا خستووەتەڕوو."

ئەو وەزیری ئەلمانیا تیشکی خستووەتە سەر راپۆرتی CPT کە لە بەرواری ٥ی ئابی ٢٠٢٠دا لە بارەی گۆشەگیری ئیمراڵی بڵاوی کردەوە و داوای کرد، ئەو مەرجانەی لە راپۆرتەکەدا دەستنیشان کراون، دەبێت جێبەجێ بکرێن و بانگەوازیەکیشی ئاڕاستەی رژێمەکەی ئەنقەرە کرد و وتی:"وەکو ئەوەی کۆمیتەی رێگریکردن لە ئەشکەنجە-ی سەر بە ئەوروپا رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە هەموو کردەوە نامرۆڤانە و ئەشکەنجەکان بهێنرێت، بۆ ئەوەی خانەوادە و پارێزەران بتوانن چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، حکومەتی فیدرال بانگەوازی ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا دەکات."

'دەبێت زیندانیانی ئیمرالی بتوانن لەگەڵ یەکتردا چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن'

ئەو وەزیرەی ئەلمانیا داوای لە حکومەتی ئەنقەرە کرد کە لەبەردەم چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانیان لە ئیمرالی نەبێت بە رێگر.

لەم بارەیەوە گوکای ئاکبولوت پەرلەمانتاری پارتی چەپ رایگەیاند ئەوان ئەم بانگەوازیەی حکومەتی مێرکل بە چاوێکی ئەرێنی تەماشا دەکەن و وتی:"دوای ئەم بانگەوازیە دەبێت حکومەتی ئەلمانیا بەدواداچوونی بۆ بکات کە ئایا تورکیا هەڵومەرجی ئیمارالی باش دەکات و کۆتایی بە گۆشەگیریەکەی دێنێت یان نە."

ز.ش