حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی ئۆلاف سکۆڵز، لە دانیشتنێکدا کە تێیدا پەرلەمانتارانی (Bundestag)ـی ئەڵمان وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە دەربارەی شەڕی ئیسرائیل-غەززە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ شوێنە مەدەنییەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن پەرلەمانتاری پارتی چەپ کلارا بونگەرەوە کرایە ڕۆژەڤ.
بونگەر ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورک بەتایبەتی لە ٤ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەدواوە، بەتوندی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومان دەکات، ڕوویکردە وەزیری داد مارکۆ بوشمان کە لەسەر ناوی حکومەتی فیدراڵ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە و گوتی: " لەم هێرشانەدا؛ خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵان کوژران، ژێرخانی ژیانی بۆردومان کران. بەڕێز بوشمان، کاتێک باست لە هێرشەکانی دژی ئیسرائیل کرد، ڕاتگەیاند کە ئەو هێرشانەی کە یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکەن، نابێت بێ سزا بمێننەوە. هەروەها یەکەی خزمەتگوزاری زانستی لە مەجلیسی فیدراڵی پێشتر ڕایگەیاندووە کە تورکیا بەم هێرشانە یاسا نێونەتەوەییەکانی پێشێل کردووە. باشە بەڕێز بوشمان وەک وەزیری داد نابینن ئەو هێرشانە بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام دەدرێن. ئایا ئەمە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان نییە؟"
بوشمان: پێویستە هەرێمە مەدەنییەکان بۆمباران نەکرێن
وەزیری داد، مارکۆ بوشمان وەها وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە: "لەڕووی مرۆییەوە، بابەتی یاسا نێونەتەوەییەکان ڕوون و ئاشکرایە. نابێت شوێنی مەدەنی بکرێنە ئامانج، نابێت ژێرخانی مەدەنی بۆمباران بکرێت. ئەگەر هێرشەکان بەم جۆرە بن، ئەمە لەڕووی مرۆییەوە واتای پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە".
ئه ندامی پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP) بوشمان، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕووی مرۆڤایەتییەوە قبووڵ نەکراون، گوتی : "ئێستا زانیاری وردم لەسەر ئه م بابه ته نییه. بەڵام ئەنجامدانی هێرش دژی ئامانجە مەدەنییەکان واتای پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە".
کلارا بونگەر، پەرلەمانتاری پارتی چەپ، دوای لێدوانەکەی وەزیری داد، جارێکی دیکە قسەی کرد و گوتی: "گرنگە هێرشەکانی تورکیا لەڕووی مرۆییەوە بە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان بزانن. بەڵام بۆچی تا ئێستا داواکاری گشتی فیدراڵی لێکۆڵینەوەی لەم هێرشانە نەکردووە؟" بەم شێوەیە پرسیارێکی نوێی کرد.
وەزیری داد، بوشمان، گوتی: "بابەتی کردنەوە و نەکردنەوەی ئەم لێکۆڵینەوە، بەرپرسیارێتی داواکاری گشتی فیدراڵی سەربەخۆدایە، من دەپرسم چ پێوەرێکیان هەیە لەم بابەتەدا و دواتر ئاگادارتان دەکەمەوە".