هەڕەشە لە بنەماڵەی وریشە مورادی دەکرێت

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هەڕەشەی دەستگیر کردن لە ئەندامانی بنەماڵەی وریشە کردووە و هاوژینی خوشکەکەی وریشە دەستبەسەر کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە هەڕەشەکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە بنەماڵەی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەوین ڕایگەیاند: "لە ٨ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە چەندین جار ئەندامانی بنەماڵەی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد و سزادراو بە سزای لەسێدارەدان بانگهێشتی بەردەم بنکەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە و تاران کراون و هەڕەشەی دەستبەسەر کردنیان لێکراوە."

ئاماژەش بەوەکراوە لە درێژەی هەڕەشەکاندا کەسێکی نزیک بنەماڵەی وریشە مورادی دەستبەسەر کراوە و هاتووە: "کەریم ئەسغەری خەڵکی شارۆچکەی شوێشەی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوژینی خوشکەکەی وریشە مورادی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە."

ئاماژەش بەوەکراوە کەریم ئەسغەری بەبێ فەرمانی دادوەر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە دووکانەکەی لەو شارۆچکەیە دەستبەسەر کراوە، هەروەها هەڕەشە لە خوشکەکەی وریشە مورادی بە ناوی مێهرانە مورادی کراوە. کە هاوژینی ناوبراوە.

جێگای ئاماژەیە، لە ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، وریشە مورادی لە لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی “یاخیبوون” تۆمەتبار کرا و لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.