هونەرمەندانی ئێزدی بۆ خاوەنداریکردن لە شەنگال چالاکییان ئەنجامدا

هونەرمەندانی ئێزدی بۆ خاوەنداریکردن لە شەنگال لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا چالاکییەکیان رێکخست. هونەرمەندان ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە رێککەوتنەکەى نێوان پارتی و بەغدا لەسەر شەنگال نیشاندا.

هونەرمەندانی ئێزدی لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتیی ناوەندی رۆشنبیریى ئێزیدخان (نەچەئێ - NÇÊ) کۆبوونەوە و خاوەندارییان لە شەنگال کرد.

هونەرمەندانی ئێزدی لە کاتژمێر ١٤:٠٠ دا لە گۆڕەپانی ستینتۆری هانۆڤەر کۆبوونەوە و کۆنسێرتێکی بچووکیشیان رێکسخت. لە چالاکییەکەدا بە ناوی ناوەندی رۆشنبیریی ئێزیدخانەوە راگەیاندراوێک خوێندرایەوە و تیایدا هاتبوو، "بە ناوی هونەرمەندانی ئێزدییەوە، ئێمە ئامادەین بە هونەرەکەمان، بە دەنگ و هەبوونی خۆمان شەنگال بپارێزن. دەبێت رێبەر ئاپۆ ئازاد بێت، چونکە تەنها بە ئازادیی رێبەر ئاپۆ ئێمە ئازاد دەبین".

لە راگەیاندراوەکەدا کە بە ئەڵمانی خوێندرایەوە ئاماژە بە رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر شەنگال کرا و راگەیاندرا، رێککەوتنەکە درێژەی فەرمانی ٢٠١٤یە و لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدییە.

ئاماژە بەوەشکراوە، "تاوەکو بزووتنەوەى ئازادیی و ئێمە هەبین، بە دڵنیاییەوە ئەوان ناتوانن سەر بکەون. خاکی شەنگال بە خوێنی عەگیدەکان و بە خوێنی رۆڵە قارەمان و پاڵەوانەکان و گەریلا قارەمانەکان ئاودراوە. با هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە ئێمە ئەو بەها و نرخانەى خۆمان بە گیانی خۆمان و بە خوێنی خۆمان دەپارێزین. وڵاتی دەروێش و عەگیدەکان بە دڵنیاییەوە ئازاد دەبێت و شەنگاڵیش ئازاد دەبێت".

دوای خوێندنەوەى راگەیاندراوەکە، هونەرمەندان، سولەیمان رەنگین، باڤێ رۆنی، ئەمین هەمدونا، نالین و نازدار، رەوی و عەگید شەنگالی گۆرانییان چڕی و چالاکییەکە بە وتنەوەى دروشم بۆ پشتیوانی لە شەنگال و ئێزدییەکان کۆتایی پێهات.

ژ.ت