حیزبی سەوز داوایکرد پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ گوشارەکانی سەر هەدەپە رێکبخات

حیزبی سەوزی ئۆپۆزسیۆن لە ئەڵمانیا داوایکرد، پەرلەمانی فیدراڵ لەبارەی رووداوەکانی تورکیا و بە تایبەتی گوشارەکانی سەر هەدەپە کۆبوونەوەیەک رێکبخات.

فراکسیۆنی حیزبی سەوز لە پەرلەمانی فیدراڵی ئەلمانیا داوایەکی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە، کە لەم هەفتەیەدا پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رووداوەکانی ئەمدواییەى تورکیا رێکبخات. حیزبی سەوز داوایکردووە، کۆبوونەوەکە بە ناونیشانی "هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ و دەرەنجامەکانی لەسەر سیاسەتی ئەڵمانیا و ئەوروپا" رێکبخرێت.

کەسکان بریتا هاسیلمان لە فراکسیۆنی حیزبی سەوز لەوبارەیەوە رایگەیاند، بە فەرمانی ئەردۆغان لەم رۆژانەدا لە تورکیا کرداری دژە دیموکراتیک زیادیان کردووە. راشیگەیاند، دادگا لەلایەن ئەردۆغانەوە کۆنترۆڵکراوە و ئەو دادگا کۆنترۆڵکراە دۆزی بۆ داخستین هەدەپە کردووەتەوە و تورکیا لە رێککەوتننامەى ئیستەنبولیش کشاوەتەوە. ئەوەشی راگەیاند، نابێت ئیدی ئەڵمانیا لەبەر دڵی تورکیا باسی خۆشی بکات، چونکە تورکیا هەنگاو بە هەنگاو زیاتر دەبێتە دەسەڵاتی تاکڕەوی کەسێکی دەسەڵاتخواز.

کەسکان بریتا هاسیلمان پەرلەمانتاری حیزبی سەوز باسی ئەوەیکرد، بۆ ئەوەی تورکیا دیموکراتیزە ببێت و ئاشتی بەدی بێت دەبێت حکومەتی ئەڵمانیا هۆشداری بە تورکیا بدات لەبارەی کار و کردارە دژە دیموکراتیکەکانی، کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەوانەش دەبنە هۆی سزادانی تورکیا لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و ئەنجوومەنی ئەوروپاوە".

ژ.ت