هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک گەرگەرلی ئۆغڵویان بە زۆر لە ناو پەرلەماندا دەستگیرکرد

عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە لەلایەن سەدان پۆلیسەوە لە ناو پەرلەماندا بە زۆر دەستگیرکرا. گەرگەرلی ئۆغڵو لە کاتی بەڕێوەبردنی چالاکیی "ئێشکگریی داد" بوو لە پەرلەماندا لە دژی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە.

عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە لەلایەن سەدان پۆلیسەوە لە ناو پەرلەماندا بە زۆر دەستگیرکرا. گەرگەرلی ئۆغڵو لە کاتی بەڕێوەبردنی چالاکیی "ئێشکگریی داد" بوو لە پەرلەماندا لە دژی دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە، کە پەرلەمانتارییەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.

عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵو پەرلەمانتاری کۆجالیی هەدەپە لە پەرلەمانی تورک دا چالاکیی "ئێشکگریی داد"ی بەڕێوەدەبرد. بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لەکاتێکدا لە ژوورەکەى خۆی بەرەو دەستشۆر بۆ دەستنوێژگرتن دەڕۆیشت لەلایەن سەدان پۆلیسەوە هێرشیکرایە سەری و بە زۆر لە دەستشۆرەکەدا بە جلوبەرگی نوستنەوە دەستگیریان کرد و بە زۆر لەگەڵ خۆیاندا بردیان.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست و داگیرکەر تەنانەت رێگایان بە گەرگەرلی ئۆغڵو نەدا جلوبەرگەکانی بگۆڕێت و رێگاشیان پێ نەدا نوێژی بەیانییەکەى بکات. کاتێک گەرگەرلی ئۆغڵو بە زۆر بە راراوەکانی پەرلەماندا دەبرد خەریکبوو بیدەن بە زەویدا و سەرباری ئەوەى دەنگی نەعلەکانی دەهات، بە زۆر رایاندەکێشا.

لە دوای ئەو پەلامارەی پۆلیس دەرکەوت، داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سکاڵایەکی نوێ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ گەرگەرلی ئۆغڵو دەرکردووە و پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورکیش رۆیشتن و بە زۆر لە پەرلەماندا دەستگیریان کردووە.

لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢١دا دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە – مەهەپەى فاشیست پەرلەمانتاریی گەرگەرلی ئۆغڵویان هەڵوەشاندبووە و ئەویش لە دژی ئەو نادادی و پێشێلکارییە لە پەرلەماندا "ئێشکگریی داد"ی بەڕێوەدەبرد. داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک لە دژی ئەو چالاکییەی گەرگەرلی ئۆغڵو بە پاساوی ئەوەى "گەرگەرلی ئۆغڵو لە پەرلەمان نەچووەتە دەرەوە، هێشتا وەک پەرلەمانتار دەجوڵێتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێدوان بڵاودەکاتەوە، لایڤ و پەخشی راستەخۆ دەکاتەوە، بەبێ ئەوەى مافی هەبێت لە بینایەکی گشتیدا دەمێنێتەوە" سکاڵایەکی تری لە دژی ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپەتۆمار کرد و بڕیار دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.

لە لێکۆڵینەوەکاندا رایانگەیاندووە، پەرلەمانتاریی گەرگەرلی ئۆغڵو هەڵوەشاوەتەوە، لە لیژنەى گشتیدا و کاتێک لە فراکسیۆنی هەدەپە چووەتە دەرەوە، دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"ی وتوەتەوە. لەبەر ئەوەش و لە دوای ئەوەى گەرگەرلی ئۆغڵویان بە زۆر دەستگیرکرد بردیان بۆ ئاسایش. دوابەدوای بردنی گەرگەرلی ئۆغڵو بۆ ئاسایش، پەرلەمانتارانی هەدەپەش چوون بۆ ئاسایش بۆ ئەوەى هەواڵی گەرگەرلی ئۆغڵوی هەڵبژێردراوی گەل بزانن.

ژ.ت