کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمرۆ دووشەممە، لە بارەگای مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، حزبە کوردستانیەکانی شارەکە لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ تاوتۆێ کردنی دۆخی جووتیارانی شارەکە و دەستێوەردانەکانی سوپای عێراق لە ململانیە سیاسیەکانی شارەکە و هاوکاری کردن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی بەعەرەب کردن لە شارەکە لە ڕێگەی دەستبەسەر گرتنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی شارەکە.
پاش کۆبوونەوەکە حزبە کوردستانییەکان، کاتژمێر ١١:٣٠ی پێش نێوەڕۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و تیدا پەیامێکیان ئاڕاستەی ڕایگشتی و سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و تیدا هۆشداریان لە ڕوودانی کارەساتدا ئەگەر دۆخەکە بەم شیوەیە بەردەوام بێت.
بەیاننامەی حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک، لەلایەن عیماد محەمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەندی کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستانەوە خوێندرایەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "وەک ئاشکرایە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕەوشی شاری کەرکوک بەرەو ئاڵۆزی و ناجێگیری سیاسی زیاتر هەنگاو دەنێت و بازنەی بەعەرەب کردنی شارەکە لە فراوان بوونەوەدایە و هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر چڕکراونەتەوە.
ڕووداو و پێشهاتەکان تۆپزاوا و پێشتریش درەختی ناجێگیری ڕەوشی کەرکوکە.
لێرەوە هۆشداری دەدەین ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخە نەکرێت ئەوا دۆخی کەرکوک لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و کارەسات ڕوودەدات".
هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک چەند داواکارییەکیان خستەڕوو کە بریتیبوون لە:-
١- دەستبەجێ ئەو ڕووپێویەی کە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک لەسەر داوای وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامی دەدات ڕابگیرێت.
٢- هەرچی زووە نوێنەرانی کەرکوک بەسەرجەم پێکهاتەکانیەوە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی ئەو پیکەوەژیانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لەم شارە، بە پێچەوانەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەبەردەم مەترسیدایە.
٣- جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ی دەستور تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکوک و پێویستە هەوڵی جدی بۆ بدرێت و فشار لەسەر بەغدا دروست بکرێت چێتر هەوڵی خۆدزینەوە لە جێبەجێ کردنی نەدات.
٤ - پێویستە ئەرکی سوپا تەنها پاراستنی سنورەکان بێت و دوور بێت لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و کێشەو ململانییە یاسایی و سیاسیەکان.
٥- پشتگیری تەواو لە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکەین لە پاراستنی مافەکانیان و جێیان ناهێلێن.