جارێكی تر سزای دیسپلین به‌سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالاندا سه‌پێنرایه‌وه‌!

داواكاری و سه‌رلێدانی نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ بۆ ئه‌نجامدانی دیدار له‌ دادگای جێبه‌جێكردنی سزای بورسا، به‌ پاساوی قه‌ده‌غه‌ی دیدار له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ بۆ ماوه‌ی سێ مانگ جارێكی تر ره‌تكرایه‌وه‌.

پارێزه‌رانی نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ به‌ داواكاری ئه‌وه‌ی رێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و عومه‌ر خه‌یری كۆنار، حامیلی یه‌ڵدرم و وه‌یسی ئاكتاش 'ده‌ستبه‌جێ دیداریان له‌گه‌ڵ ساز بكه‌ن'، له‌ ٢٢ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢١ سه‌ردانی دادگای جێبه‌جێ كردنی سزای بورسایان كردبوو.

هه‌مان رۆژ وه‌ڵامی پارێزه‌ران درایه‌وه‌ و ئاشكرابوو كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان دوو جار قه‌ده‌غه‌ی دیدار سه‌پێنراوه‌.

دادگای جێبه‌جێكردنی سزای بورسا داواكاری دیداری پارێزه‌رانی ره‌تكرده‌وه‌ و قه‌ده‌غه‌ی دیداری ٦ مانگه‌ی ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می وه‌ك پاساو نیشان دا. دادگا داواكاری بنه‌ماڵه‌كانیشی بۆ دیدار ره‌تكرده‌وه‌ و بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی دیسپلینی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌زگای جێبه‌جێكردنی سزای له‌ ئیمراڵی له‌ ١٨ی ئاب وه‌ك بیانوو نیشاندا كه‌ بۆ ٣ مانگ سه‌ردان قه‌ده‌غه‌كراوه‌.

سه‌رباری ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی ١٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢١ له‌سه‌ر سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌كان كۆتاییهات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كان له‌ داواكاری گشتیی كۆماری بورسا بێوه‌ڵام مانه‌وه‌، پارێزه‌ران له‌ ٢٨ی ئادار جارێكی تر سه‌ردانی دادگای جێبه‌جێكردنی سزای بورسایان كرد و ویستیان كه‌ به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م دیداری بنه‌ماڵه‌كان هه‌ڵبگیرێن و دیدار له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كان ئه‌نجام بدرێت.

داواكاری ره‌تكرایه‌وه‌: سزای دیسپلین له‌ ئارادایه‌

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، دادگا ٢٩ی ئادار وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی پارێزه‌رانی دایه‌وه‌ و داواكارییه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه‌. بۆ پاساوه‌كه‌شی باسی له‌وه‌كردووه‌، كه‌ سزای دیسپلین بسه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالاندا سه‌پێنراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ دیدار ناتوانرێت ئه‌نجام بدرێت.

له‌ بڕیاری ره‌تكردنه‌وه‌ی دادوه‌ردا هاتووه‌، "سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌ی دیسپلینی ئیمڕاڵی ٣ی شوباتی ٢٠٢٢ سزای دیسپلینی بێ به‌شكردن له‌ سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی بۆ سێ مانگ داوه‌ و بڕیاره‌كه‌ له‌ ٢١ی شوبات یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ داواكارییه‌كان هه‌ر هه‌موویان له‌به‌ر ئه‌و پاساوه‌ ره‌تكراونه‌ته‌وه‌".

به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كان ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ ١٠ هه‌مین سزای دیسپلین كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٨ به‌دواوه‌ له‌به‌رده‌م دیدیاری بنه‌ماڵه‌كان وه‌ك ئاسته‌نگ نیشان ده‌درێن.

پارێزرانی نوسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكاری، تانه‌یان له‌ بڕیاری دادگای جێبه‌جێ كردنی سزادا.

هـ . ب