لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، جەبار یاوەر شارەزای بواری سەربازیی، بەسەرەنج خستنەسەر پرۆسەی چارەسەری باسی لە دەستپێشخەرییەکی ڕێبەر ئاپۆ، کۆنگرەی پەکەکە، هەوڵەکان بۆ ئاشتی و هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیا کرد.
جەبار یاوەر لە قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ کرد و گوتی: "بینیمان بەڕێز ئۆجالان لە زیندانەوە دەستپێشخەرییەکی گەورەی کرد و هاوڕێیانی لە قەندیل بڕیاریان گرت و دەستبەرداری خەباتی چەکداری بوون، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیایە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی لە دەستووردا بکات و لێبووردنی گشتی دەربکات و زیندانییانی سیاسیی ئازاد بکات، هەروەها بارودۆخێک فەراهەم بکەن کە پارتی کرێکاران لە قۆناغی چەکدارییەوە بگوازرێنەوە بۆ قۆناغی ئاشتیی و وەک حزبێک بەشداربێت لە خەباتی سیاسییدا."
هەڵسەنگاندنی هەوڵەکانی دەم پارتی
هەر لە قسەکانیدا یاوەر باسی لە تێکۆشانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کرد و وتی: "دەم پارتی ڕۆڵی سەرەکیی هەیە لە قۆناغەکەدا و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا کۆبووەتەوە بۆ جێگیرکردنی ئاشتیی، ئێمەش وەک باشوور بێگومان کێشەمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بەیەکەوە یەکدەنگ بین و پڕۆژەمان هەبێت بۆ حکومڕانییەکی دروست لە هەرێمی کوردستاندا و پێکەوە ئەو پڕۆژەیە ببەینە عێڕاق بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکانمانی پێ بکەین لەگەڵ حکومەتی عێراق."