جەمال حاجی: رۆژنامەنووسان لە تێکشکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵیدا رۆڵی گرنگیان هەیە

جەمال جاجی چالاکوانی کورد باس لەوە دەکات، کە نابێت کەس بەرامبەر گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێدەنگ بێت و جەختیش لە رۆڵی رۆژنامەنووسان دەکاتەوە لە تێکشکاندنی گۆشەگیری لە ئیمراڵی.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاریەن تی ڤی رۆژنامەنووس و چالاکوانی کوردی دانیشتووی ئەوروپا جەمال حاجی باسی لە گۆشەگیری رەها لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و داوای کرد هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی ئەو گۆشەگیرییە بخرێنەگەڕ.

جەمال حاجی لەو بڕوایەدایە کە کەیسی عەبدوڵا ئۆجالان وەک زیندانییەکی سیاسی و رێبەری گەلێک، کەیسێکی تایبەتە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و لەسەر ئاستی جیهاندا هیچ کەس ئەو پێگەیەی نییە.

  ئەو چالاکوانە جەخت دەکاتەوە کە "نابێت کەس لە بەرامبەر ئەم گۆشەگیرییە سەپێنراوەدا بێدەنگ بن. ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران پێویستە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبێت. دەبێ ئەم کەیسە بە جیهانی بکرێت و جیا لە میدیای کوردی، بە زمانەکانی تری جیهان کاری لەسەر بکرێت."

دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم جۆرەیە:

کاک "جەمال حاجی"، وەک دەزانن بەڕێز "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" ماوەی دوو ساڵە ڕووبەڕووی گۆشەگیری سەخت بووەتەوە. هۆکار چییە کە دوو ساڵە ڕێگەیان نەداوە تەنانەت سەردانی خێزان و پارێزەرەکەشیان بکەن؟

دۆسیەی ڕێبەر ئاپۆ لەوە ئاڵۆزترە کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە و تەنیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا نییە کە گۆشەگیرییەکی وەها توند بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە. بابەتەکە زۆر ئاڵۆزترە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد و ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی بە دیل گیرا و بە بارمتە گیرا. لایەنێکی کێشەکە حکومەتی تورکیا و پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپەیە و دیوەکەی تریش وڵاتانی ئەوروپایە. هەروەک دەزانن بە ساڵانە داوا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکرێت سەبارەت بە ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان لەدژی بەڕێز ئۆجالان، بەڵام هێشتا بێدەنگن و لەبەردەم مەسەلەی کورد و بەتایبەتی ڕێبەر ئاپۆ، کەڕ و کوێر و داماو بوون. چونکە وەک هەمووان دەزانن ئەو پارادایگمایەی کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کرد، هاوکێشە نێونەتەوەییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو نەتەوە-دەوڵەتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکداوە کە خاکی گەلان و کوردیان داگیرکردووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەڕاستی ئەو تاکە زیندانی سیاسییە لە جیهاندا کە ئەم پێگە تایبەتەی هەیە. تاکە زیندانییەک کە کەیسێکی زۆر تایبەتی هەیە بێ گومان ڕێبەر ئاپۆیە. دوژمنان پێیان وابوو کە کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دەگیرێت کۆتایی بە پارتی کرێکارانی کوردستان و بەرنامەی ڕێبەر ئاپۆ دەهێنن، بەڵام بینیمان قۆناغێکی دیکەی لە دایکبوونەوەیان لە زیندان دەست پێکرد و چارەسەرێکی نوێی سیاسی و ئاشتیانەیان بۆ ئازادیی... گەلانی ناوچەکە.

ئێستا دەبینین ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانە بێدەنگن، بەڵام هێزە چەپ و دیموکراتییەکان پێویستە پشتیوانی ڕێبەر ئۆجەلان بکەن، وەک زیندانییەکی سیاسی بە کەیسێکی سیاسییەوە و نابێت کەس لە بەرامبەر ئەم گۆشەگیرییە سەپێنراوەدا بێدەنگ بن. ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران پێویستە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبێت. دەبێ ئەم کەیسە بە جیهانی بکرێت و جیا لە میدیای کوردی، بە زمانەکانی تری جیهان کاری لەسەر بکرێت.

پێتوایە تا ئێستا پرسی بەڕێز ئۆجەلان جیهانی نەبووبێت؟ تەنانەت دەبینین لایەنە نێونەتەوەییەکان بێدەنگن؟

 بێ گومان دۆسیەکە تەواو جیهانی بووە و ئەو سەرکردە سیاسیانەی کە تانک و چەک بە دوژمن دەفرۆشن بۆ داگیرکردنی عەفرین، بێ گومان بە تەواوی ئاگاداری دۆسیەی ڕێبەر ئۆجەلانن و باش دەزانن. بێگومان هێزی چەپ و دیموکراسی زۆرن و مەبەستم ئەوە نییە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا بچنە ئامرالی، مەبەستم ئەوەیە کە هێزە چەپ و دیموکراتەکان هەوڵ بدەن و پشتیوانی لە هەڵمەتەکانی ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان بکەن. پێویستە بە شێوەیەک ئەنجام بدرێت کە لانیکەم پارێزەران و بنەماڵەکەیان بتوانن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆببنەوە و ئاگاداری دۆخی بەڕێزیان ببن.