لە رۆژی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە نایروبیی پایتەختی وڵاتی کینیا بە گەلەکۆمەییەکی نێونەتەوەیی و بە بەشداری دەزگای هەواڵگیری ئەمریکا و ئیسرائیل و تورکیا و چەند ووڵاتێکی ئەندامی ناتۆ دەستگیرکرا و پاشان رادەستی وڵاتی تورکیا کرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هیچ یەکێک لە روسیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا و یۆنان ئامادەنەبوون مافی مانەوە و پەنابەریی سیاسی پێبدهن.
دوای هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسۆنی لەنێو خاکی سوریا، ئۆجالان بڕیاریدا لە سوریا بڕوات و مانگی تشریی یەکەمی ١٩٩٨دا لە سوریاوە بەرەو ئەوروپا رۆیشت. دوای نزیکەى ٥ مانگ لە گەشتەکەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، لە پیلانگێڕییەکی گەورەی نێونەتەوەیی دا رفێندرا و رادەستی تورکیا کرا. دادگای دەوڵەتی تورک سەرەتا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرد، پاشان لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بڕیاری سزاكهی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی، لە ئیستاشدا رێبەر ئۆجالان نزیکەی ٢٢ ساڵە لە دوورگەی ئیمڕاڵی لە دەریای مەڕمەڕەی تورکیا زیندانیکراوە.
لەماوەی نزیکەی ٢٢ ساڵی زیندانیکردنەکەیدا چەندین جار ئۆجالان گۆشەگیرکراوە و تورکیا نەیهێشتووە پارێزەر و کەسوکارەکەشی چاویان پێبکەوێت، چەندین جاریش لە زیندان تووشی کێشە لە دۆخی تەندروستیی دا بووە. هەروەها ژەهرخواردیشیان کردبوو و هەموو پێشێلکاری و کارێکی دژە مرۆییان بەرامبەر ئەنجامداوە و هەموو جارێک بە پاساوێک سزای ژووری تاکە کەسی و سزای گۆشەگیریی لە دژ دەردەکەن. ئێستاش زیاتر لە ٩ مانگە هیچ کەس هیچ هەواڵ و زانیاریی لەسەر رەوش و تەندروستی و ژیانی نییە، چونکە گۆشەگیرکراوەتەوە و رێگە نادرێت پارێزەر و کەسوکارەکەی چاویان پێبکەوێت.
دەوڵەتی تورک لە مانگی تەموزی ٢٠١١دا دەرگای ئیمڕالی لەبەرانبەر پارێزەران داخست و گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردی لە بەرزترین ئاستدا جێبەجێ کرد، ئەوەش تۆڕەیی کوردی زیاتر کرد لە کوردستان، تورکیا و ئەوروپا سەرلە نوێ بەرخۆدان دەستیپێکرد.
سەبارەت بە نایاسایی بوونی شێوازی رفاندن و دەستگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەروەها مافی زیندانیانی سیاسی لە چوارچێوەی یاسا نیونەتەوەیەکان و ئەو گۆشەگیرییە سەختەی لەسەری پەیرەو دەکرێت، هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزای یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
"بە فشارێکی نێودوڵەتی ڕێگە نەدرا مافی مانەوەی سیاسی بە بەرێز ئۆجالان بدرێت"
هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزای یاسا نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە یاسا نێودوڵەتییەکان بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی سیاسی وتی: "کاتێک کەسێکی ئۆپزسێۆنی ووڵاتێک پەنا بۆ ووڵاتێکی دیکە دەبات، بەپێی هەموو یاسا نیودەوڵەتییەکان پێویستە مافی مانەوەی پێبدرێت، بۆ نموونە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان کاتێک لەسوریاوە ناچار کرا بەرەو ووڵاتانی ئەوروپا کۆچ بکات، کە سەرەتای گەشتەکەی لە ئیتاڵیا نیشتەوە و بەڵام ئەو ووڵاتە ئامادە نەبوو مافی پەنابەری سیاسی پێ ببەخشێت لەکاتێکدا بەپی یاسای نێودەوڵەتی ئەو کاسانەی کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە پێویستە مافی پەنابەرێتی ساسی بداتێ و مافی ژیانی بپارێزێت، لە کاتێکدا هاووڵاتیان بەردەوام لە ووڵاتانی ئەوروپا مافی پەنا بەری وەردەگرن، بەڵام بە فشارێکی نێودوڵەتی پلانگێرییەک ئەنجامدرا و ڕێگە نەدرا مافی مانەوەی سیاسی بە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان بدرێت."
"لە ڕێو و شوێنێکی تەواو نایاساییدا بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕفێندرا"
سەبارەت بە دەستگیرکردن و ڕفاندنی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ تورکیا، هەژار کاکەیی وتی: "بەداخەوە بۆ دەستگیرکردنی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان پلانگێرییەکی نێودەوڵەتی هەبوو کە لەلایەن چەند ووڵاتێکی زلهێزەوە بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) ئەنجامدرا، کە تیایدا لە ڕێو و شوێنێکی تەواو نایاساییدا بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕفێندرا و دەستگیرکرا و ڕەوانەی تورکیا کرایەوە."
دیدار و پەیوەندی سەرەکیترین مافی زیندانییەکی سیاسییە
هەروەها سەبارەت بە مافی زیندانیانی سیاسی، ئەو شارەزایەی یاسا نێودەوڵەتیەکان ڕایگەیاند: "نەک تەنها بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان بەڵکو تەواوی ئەو زیندانە سیاسیانەی باکوری کوردستان کە لەلایەن دەسەلاتدارانی تورکیاوە دەستبەسەرکراوە، کۆمەڵێک مافیان هەیە کە ئەو مافانەش بریتین لە (ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاریان، بەردەوام دەنگ و باس و بڵاوکراوەکانی تایبەت بە هەواڵ و بابەتەکانی رۆژیان پێبگات، بتوانن بەردەوام پەیوەندی تەلەفۆنی بە کەسوکارەکانیاەوە بکەن و هەر کاتێک پێویست بکات بتوانن پارێزەراکانیان ببینن، ئەمە تەنها سەرەکیترین مافی زیندانیکی سیاسی ئاساییە، بەڵام بۆ کەسێک کە سەرکاردایەتی هێزێکی سیاسی دەکات ئەمە کۆمەڵێک رێوشوێنی یاسای جیاوازی هەیە چونکە ئەو کەسە پێویستە بەردەوام لە پەیوەندی دابێت و پزیشکەکان پێویستی بەردەوام چاودێری بارودۆخی بکەن تا هیچ ئەگەری نەخوازراو ڕوونەدات."
"لە ووڵاتە دیکتاتۆرییەکان هیچ بایەخێک بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نادرێت"
سەبارەت بەجێ بەجێ نەکردنی ئەو یاسا نێودەوڵەتیانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ،هەژار کاکەیی ڕایگەیاند: "بەداخەوە لە ووڵاتە دیکتاتۆرییەکان هیچ بایەخێک نادرێت بە یاسا نێودەوڵەتیەکان، تورکیا یەکێک لەو ووڵاتە دیکتاتۆریانەی کە هیچ کات بایەخی بەو یاسا نێودەوڵەتییان نەداوە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤەکان، دەبینین کە ماوەی چەندین ساڵە گۆشەگیری لەسەر بەرێز ئۆجالان هەیە و ڕێگە نەدراوە هیچ چاپێکەوتێنک ئەنجام بدات لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی، هەروەها ڕێگە بە پزیشکان نادرێت بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخی بەرێز ئۆجالان، هەموو ئەم ئاماژانە ئەوە دەگەینن کە مەبەستێک هەیە لەپشت ئەم گۆشەگییرییەوە."
"لە کەیسی بەرێز ئۆجالان هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی جێبەجێ نەکراوە"
لەکۆتایدا سەبارەت بە بێ دەنگی لایەنە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەئاست بێ دەنگی لەسەر کەیسی بەرێز ئۆجالان، ئەو شارەزایەی یاسا نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستەسەر بێ هەڵوێستی ئەو لایەنانەی کە باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، وتی: "هەموو ئەو ووڵات و ڕێکخراوە جیهانیانەی کە رۆژانە باسی مافی مرۆڤ دەکەن بەداخەوە هیچ کاتێک نەهاتوونە هەڵوێست بنوێنن لەسەر پرسێکی بەم جۆرە و فشار لە دەوڵەتی تورکیا بکەن تا ئەم گۆشەگیرییە سەختە لاواز بکات، لەئیستادا دەیان سەرۆکی پێشوی ووڵاتان هەن کە لە ووڵاتانی دیکە داڵداە دراون، تەواوی ئەو سەرۆکانەی کە لەبەهاری عەرەبی پەنایان بردە بەر ووڵاتانی دیکە لەئیستادا کاری سیاسی خۆیان دەکەن لە ووڵاتێکی دیکەوە، ئەمانە هەمووی لەچوارچێوەی پەیرەوی یاسا نیودەوڵەتییەکانن بۆ پاراستنی مافی پەنابەرێتی سیاسی، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا لە کەیسی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی جێبەجێ نەکراو بۆ پاراستنی لە چوارچیوەی یاسای پاراستنی مافی پەنابەری سیاسی."
ژ.ت