کەبەدەهە: بکوژی نارین دەوڵەتی و سیستەمی ڕزیوی بنەماڵەیە

کەبەدەهە ڕایگەیاند، بکوژی نارین گورانی تەمەن ٨ ساڵان دەوڵەتی تورکی و سیستمی ڕزیوی بنەماڵەیە و وتی: "ئەو جلە بووکانەی لەسەر تابوتی نارین دانرابوو ئێمە دەیکەینە کفنێک بۆ بکوژانی ژن و منداڵان."

کۆنسەی گشتی بزووتنەوەی شۆڕشگێری یەکگرتووی ژنان (کەبەدەهە) ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەدا، کێشەی کرێکاران، ژنان و منداڵان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت. هەروەها هەژاری، ستەم، کۆیلایەتی، بێکاری، دەستدرێژی و کۆمەڵکوژی دژی ژنان و منداڵان لە سەردەمی ئەم دەسەڵاتەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

لە بەیاننامەکەی کەبەدەهەدا ئەماژە بەم قسانەی خوارەوە کراوە:

"لەم دواییانەدا نارین گوران تەمەن ٨ ساڵان لە ناوچەی ڕەزانی ئامەد بە هاوکاری بنەماڵە، دەوڵەت و پۆلیس کوژرا. کوشتنی منداڵان جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر ڕزیوبوونی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بە هەموو ئاراستەکانیەوە. پەیوەندییە گلاوەکانی بنەماڵە و مرۆڤەکان لە گوندەکان لەگەڵ ئاکەپە و هەموو حیزبە بۆرژوازییەکان نەیانهێشت بکوژەکەی نارین گوران بەڕۆژان دەرکەوێت. هەندێک شت هەیە کە جاربەجار ئێمە باسی ناکەین و هەندێ جار شتانێک هەیە کە دەبێت باسی بکەین، لەبەر ئەوەی بنەماڵە دۆستمانە، دەیانەوێت کوشتنەکە پەردەپۆش بکەن لە هەمان کاتدا ئەوانەی ئیفادەیان داوە، بکوژانی نارین لەلایەن دەوڵەتەوە پارێزراون. ئەندامی بنەماڵەی سەلیم گوران کە دەڵێن دۆستی ئێمەیە لە پەیوەندی بەو دڕەندەییەوە دەستگیرکرا، پێشینەی بازرگانیکردنی بە چەک و جەستەی ژنانەوە هەیە.

سەرەڕای ئەوەی حکومەت هەوڵیدا بە 'قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوە' کوشتنەکە پەردەپۆش بکات، بەڵام ڕۆژنامەگەری ئازاد و ئەو فشارە کۆمەڵایەتییەی دروستبوو بووە هۆی دۆزینەوەی تەرمی نارین دوای ١٩ ڕۆژ.

لە دەسەڵاتی سەرمایەدارییدا، بنەماڵە کۆنترۆڵی جەستەی ژن، رەگەز و تەواوی ناسنامەی لەدەستدایە. ژن و منداڵ تەنها وەک مڵکێکن بۆ بنەماڵە واتە لە ژێر کۆنترۆڵی سەرۆکی بنەماڵە باوکدایە. هەروەها نارینیش لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کوژراوە کە ئاوێنەی ئەم سیستەمە بۆرژوازییە پیاوسالارییەیە. فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە کۆنوانسیۆنی ئەستەنبوڵ کە بە شێوەیەکی یاسایی ژنان و منداڵان دەپارێزێت، بە بیانووی ئەوەی کە "لەگەڵ بنەمای بنەماڵەی تورکدا ناگونجێت کشایەوە و بووە هۆی زیادبوونی دەستدرێژی و کوشتن لە دژی ژنان و منداڵان لە وڵاتدا و بەرگریکردن لە بکوژان نموونەیەکی سیاسی سیستەمی دەسەڵاتداریی پیاوسالارییە.

کەبەدەهە ئەوە کردەوەیە لە دژی ژنان و منداڵان و شۆڕشگێران بە کردەوەیەکی توندوتیژی دەبێنێت. گەریلا و جەنگاوەرانی هەبەدەهە لە بکوژانی ئوگور، جەیلان، لەیلا و نارینەکان لێپرسینەوە دەکەن و ڕووی چەکەکانیان دەکەنە دەسەڵاتی پیاوسالاری.

بۆ ئەوەی نارینەکانی تر نەکوژرێن و گوڵستانەکان بێسەروشوێن نەکرێن، دەبێت ڵێپرسینەوە لە هەموو دامودەزگا، ڕێکخراو و نوێنەرانی حکومەت بکرێت. گوشار و هەوڵی ڕێکخستنەکانی ژنان و هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بووە هۆی ئەوەی نارین ببینرێتەوە. بۆیە دەبێت ئامانج بەرفراوانکردنی گوشار و بەکارهێنانی ڕێبازی شۆڕشگێڕیی ڕادیکاڵ بێت بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات.

ڕێکخستنی تەڤگەری شۆڕشگێڕی یەکگرتووی ژنان لە دژی توندوتیژیی دەسەڵاتداریی پیاوسالار، شۆڕشێکی ڕادیکاڵ دەست پێدەکات. ئێمە ئەو جلە بووکانەی کە لەسەر تابوتەکەی نارین دانرابوو دەیکەینە کفنێک بۆ بکوژانی ژن و منداڵان."