کۆبوونەوەی دەم پارتی و پارتی ڕەنج (EMEP): دەبێت حکومەت هەنگاو بنێت

سەید ئاسڵان، سەرۆکی پارتی ڕەنج(EMEP) لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەم پارتی قسەیکرد و ڕایگەیاند کە دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت و حکومەت هەنگاوی پێویست بنێت.

هاوسەرۆکانی گشتی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان، تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقڕخان کە لە شاندی ئیمرالیدا بەشدار بوون، لەگەڵ نوێنەرانی پارتی ڕەنج (ئەمەپە) لە پەرلەمان کۆبونەوە. لە کۆبوونەوەکە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک" هەڵسەنگێندرا. دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەک بڵاو کرایەوە.

سەید ئاسڵان، سەرۆکی ئەمەپە لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند: "دوایین زانیاری سەبارەت بە پرۆسەکە بڵاوکرایەوە و بیروڕامان بەیەکەوە گۆڕیەوە و دەمانەوێت بڵێین بانگەوازی ئیمرالی و بێدەنگ کردنی چەکەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کورد لەسەر پلاتفۆرمی دیموکراتیک و ئاشتیانە بۆ دیموکراتیزە کردنی تورکیا زۆر گرنگن."

سەید ئاسڵان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "سەرکەوتنی پرۆسەکە هەم لە ڕووی ئابووری و هەم لە ڕووی سیاسییەوە ئەنجامی ئەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە ئێمە بە هاوبەشی بۆچوونی خۆمان سەبارەت بە پێویستی کۆتایی هاتنی ململانێکان بە دیموکراتیزەبوون و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەسەر بنەمای ئاشتیانە ڕادەگەیەنین. پارتەکەمان لە ڕابردووەوە تا ئێستا هەمیشە ئەمەی گوتووە؛ بۆ ئەوەی پرسی کورد لە گەمارۆی شەڕ دوور بخرێتەوە و ململانێکان کۆتایی پێبێت، پێویستە هەم حکومەت و هەم دەوڵەت بۆ دیموکراتیک بوون لەو بارەیەوە هەنگاو بنێن. هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمرالی، جێبەجێکردنی لێبوردنی سیاسی، کۆتاییهێنان بە سیاسەتی قەیومەکان و کۆتاییهێنان بە گوشارەکان لەسەر ڕیکخراوە دیموکراتیکەکان، راگرتنی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنوور، گەڕانەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانی بۆ سەر ئەرکەکانیان هەموو ئەمانە بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا بەگرنگ دەبینین."

سەید ئاسڵان ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەر کەسێک پەلە بکات لە بەجێبەجێ کردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی، بۆ ئەوەی ئەوەی پرۆسەکە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک بچێتە پێشەوە. جێگەی قبوڵکردن نییە کە ئەم بانگەوازییە لەبەر چاو نەگیردرێت. بۆ ئێمە پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم پرۆسەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە، بە ڕێبازی یەکسان و دیموکراتیک بەرەو چارەسەری بچێت."

سەید ئاسڵان لە قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر عەلەوییەکانی سووریا دا وتی: "ئێمە شاهیدی کۆمەڵکوژیی هێزەکانی هەتەشە بووین کە دژی عەلەوییەکان ئەنجامیاندا. دیسان داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و کۆمەڵکوژیی دژی عەلەوییەکان دەکەین."

هەروەها تونجەر باقڕخان ڕایگەیاند؛ ڕێبەر ئاپۆ لە دەقی بانگەوازییەکەیدا پێداگری لەسەر چارەسەری پرسەکان بە ڕێگەی دانوستان و دیالۆگەوە کردووتەوە و وتی: "سەرکەوتنی پرۆسەکە پەیوەستە بە بەشداری چالاکانەی هەموو داینەمۆەکانی بەڕێکخستنی کۆمەڵگا، ناوەندە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە گرنگی بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک دەدەن و بۆ گۆڕینی ئەم پرۆسەیە بە پرۆسەی ئاشتی هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن."

باقڕخان بەمشێوەیە بەردەوام بوو: "ئەم بانگەوازییە نەتەنیا بۆ کورد و دەم پارتی، بەڵکوو بۆ ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا و هێزەکانی دیموکراسی، ژنان، گەنجان و هەموومان گرنگی خۆی هەیە. تێکۆشان بۆ تورکیایەکی دیموکراتیک و دوور لە شەڕ و ناکۆکییەکان، کە هیچ کەس ژیانی لەدەست نەدات، بەم بانگەوازییەوە دەستی پێکرد. بۆیە ئەم بانگەوازییە سەرەتایەکە بۆ گەیشتن بە ئارمانجی یەکسانی و دیمۆکراتیک."

هەروەها راگەیەندرا شاندەکە کاتژمێر١٣:٠٠ سەردانی ناوەندی جەهەپە دەکات.