کەجەدەکە-ئە: بەپەلە بڕژێنە مەیدانەکان و داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ڕێبەر ئاپۆ بکەن

کەجەدەکەی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بانگەشەکان دەربارەی ژیانی ڕێبە ئاپۆ نیگەرانی کردوون و بۆیە بانگەوازی لە سەرجەم گەلی کورد و دۆستانی دەکەین بەپەلە بڕژێنە شەقام و مەیدانەکان و داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ڕێبەر ئۆجالان بکەن.

دیوانی هاوسەرۆکایەتی جڤاکی دیمۆکراتی ئەرووپا 'کەجەدەکە-ئە' سەبارەت بە بانگەشەکانی سەر ژیانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: شەوی 14ی ئەم مانگە ژمارەیەک میدیای دیجیتاڵی سەبارەت بە ژیانی ڕێبەر ئۆجالان هەواڵیان بڵاوکردەوە، ئەوەش نیگەرانییەکانمانی چەندین جار زیاتر کردوە. هاوکات لێدوانی دۆزگەری تورک لە بۆرسا دەربارەی ژیانی ڕێبەر ئۆجالان نیگەرانیەکەی ئەوان و گەلی کورد ناڕەوێنێتەوە چونکە ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە- مەهەپە بەشێوازێکی سیستەماتیکی و قورس لە ئیمرالی گۆشەگیری بە سەر رێبەر ئاپۆدا سەپاندوە و بەو هۆیشەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت و چارەنوسی نادیارە. هەر بۆیە نازانرێت چی بەسەر هاتووە و ئەوەش هەموومانی نیگەران کردوە.

'کەجەدەکە-ئە' دەستنیشانی کردووە، وێرای ئەم بارودۆخەش، بەڵام ڕژێمی فاشیستی تورکیا ئامادە نییە زانیاری دروست لە بارەی رەوشی تەندروستی ڕێبەر ئاپۆوە بدات. هاوکات چەندین مانگیشە ڕێگا نادات کەسوکاری و پارێزەرانی سەردانی بکەن. هەروەها کۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشکەنجەی ئەورووپا ناسراو 'بە سی پی تی' کە چەند مانگێک پێش ئێستا سەردانی تورکیا کرد، ئیمرالی و ڕێبەر ئاپۆی بەسەرنەکردەوە و تورکیای بەجێهێشت. بۆیە ئەوانیش لەم دۆخەی هاتووەتە ئاراوە بەرپرسیارن و پێویستە بەئەرکی خۆیان ڕابن.
ئێمە وەک دیوانی هاوسەرۆکایەتی جڤاکی دیمۆکراتی ئەرووپا 'کەجەدەکە-ئە'، سیستەمی گۆشەگیری ئیمرالی ڕسوا دەکەین و پێمنوایە، دژبەری دادگەری نێونەتەوەیی و پێوانە مرۆیی و یاساییەکانە. هەر بۆیە سەر لە سەروویانەوە بانگ لە، دامودەستگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین تا بە ئەرک و بەرپرسیاری خۆیان هەستن.

'کەجەدەکە-ئە' بۆ ڕەوینەوەی نیگەرانییەکان جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکاتەوە: 

ڕێبەر ئاپۆ دواڕۆژ و هێڵی سوری گەلی کوردە

بەبێ هێنایەوەی هیچ پاساو و بەهانەیەک پێویستە یەسەر چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجام بدرێت

دەبێت هەم پارێزەرانی  و هەم کەسوکاری سەردانی ئیمرالی بکەن و چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان بکەوێت

دەبێت بەتەواوی کۆتایی بە سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمرالی بهێنرێت کە زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوامە

دیوانی هاوسەرۆکایەتی جڤاکی دیمۆکراتی ئەرووپا 'کەجەدەکە-ئە' لە کۆتایی بانگەوازییەکەیدا بانگەوازی لە سەرجەم گەلی کورد و دۆستانی دەکات تا بەپەلە بڕژێنە شەقام و مەیدانەکان و داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی ڕێبەر ئۆجالان بکەن و تا ئەوەش ڕوونەدات شەقام و مەیدانەکان چۆڵ نەکەن.

‌هـ.هـ