کەجەدەکە_ئە، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە سەبارەت بە گەمارۆدانی کەمپی پەنابەرانی ڕۆستەم جودی (مەخمور)، ئاماژە بەوە دەکات، گەلی مەخمور هەمیشە دژی قڕکردن وەستاوەتەوە و ١١ ڕۆژە بۆتە قەڵغانی بەرخۆدان. ڕایدەگەیەنێت، گەل لە مەخمور، بە ژن و مناڵ و بەتەمەنەوە ڕادەپەڕن، پێویستە هەمووان چالاکی ناڕەزایەتی ڕێکبخەن.
«هەمووان لە کەمپەکەدا لەژێر مەترسیدان»
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
«ئەو خەندەقانەی سوپای عێراقی هەڵیکەندوون، گەل بەدەستی خۆیان پڕی دەکەنەوە، جەستەیان دەکەنە قەڵغانی بەرخۆدان و ڕێگە لە گەمارۆدان دەگرن.
ئەم گەلە بەهۆی سەرکوتی دەوڵەتی تورکەوە و خاکەکەیان جێهێشتووە و لە کەمپی مەخمور دەژین، سەرەڕای ئەوەی لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندان، کەچی لەژێر هێرشدان. هەمووان لەنێو کەمپەکەدا لەژێر مەترسیدان.
نابێت ئەم بێدەنگییەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر هێرشەکانی سەر مەخمور قبووڵ بکرێت. کەمپی مەخمور کەمپێکی مەدەنییە و لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە دەستوەردان بکات لەم ڕەوشەدا. بۆیە ڕاستەوخۆ بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین. ئێمە وەک کەجەدەکە_ئە، داوا دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆی هەستێت.
کەمپی مەخمور لەژێر پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، لەلایەن پەدەکەی هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک و حکومەتی عێراقەوە گەمارۆدراوە. حکومەتی عێراقی لە ٢٠ ئایارەوە، دەیەوێت کەمپەکە تەلبەندبکات، دەیەوێت گۆشەگیری و قڕکردن بەسەر کەمپەکەدا بسەپێنێت.
بارزانی هاوکاری ئەم پیلانە قێزەونەیە
سەرەڕای ڕاپەرین و کاردانەوەی گەل، مەترسییەکە زیاتر دەبێت. بنەماڵەی بارزانی، تەواو گرێدراوە بە دەوڵەتی تورکەوە و هاوبەشی ئەم پیلانە قێزەونەیە. ئامانج لەم گۆشەگیرییە، لەڕێگەی هێرشی دەوڵەتی تورک و گەمارۆدانەکەی بنەماڵەی بارزانییەوە، گۆڕینی کەمپی مەخمورە بۆ زیندان.
گەلی مەخمور، وەک هەموو جارێک، جەستەیان کردۆتە قەڵغان دژی ئەم هێرشە، مناڵ و ژن و گەنج و پیرەکان لەژێر سەرپەرشتی مەجلیسی گەلی مەخمور بەرخۆدان دەکەن».
بانگەواز بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ناڕەزایەتی
لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
«سڵاو دەنێرین بۆ بەرخۆدانی شکۆداری گەلی مەخمور دژی قڕکردن. بانگەوازی گەلەکەمان دەکەین لە دەرەوەی وڵات خاوەندارێتی لە گەلی مەخمور بکەن. داوا دەکەین، لە هەرکوێیەک هەن، کاردانەوەی دیموکراتیک پیشان بدەن، پێویستە هەمووان دەوڵەتی تورک و پەدەکەی هاوبەش و ڕژێمی عێراق شەرمەزار بکەن».
ف.ق