ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن

٢٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارە دانی پەخشان عەزیزی دەکەن و جێبەجێکردنی لە سێدارەدانی ئەو چالاکوانە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرەکانی مافی مرۆڤ دەزانن.

سەرچاوەکانی هەواڵی ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە بارەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەلایەن ٢٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ سەبارەت بە لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی بەمجۆرە زانییاریان خستوەتەڕوو.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، ٢٦ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بڵاویان کردەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی پەخشان عەزیزی کارمەندی کۆمەڵایەتی و زیندانیی سیاسیی دەکەن، چونکە سزاکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرەکانی مافەکانی مافی مرۆڤە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، دەزگای عەبدولڕەحمان برومەند، دادپەروەری بۆ ئێران و کامپینی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران واژۆ دژى جێبەجێکردنى سزاى لە سێدارەدانى پەخشان عەزیزى کۆکراوەتەوە.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێی هەنگاو بنێن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر ئەو سزایە و پێشێلکارییەکانى مافەکانی مرۆڤ ئێران.

جێگاى ئاماژەیە، لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ پەخشان عەزیزی دەرچووی بەشی کاری کۆمەڵایەتی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانى ئێران دەستبەسەر کراو و لە لایەن دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی یاخیبوون و بەشداری کردنی لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.